داعش والی بۆ سەعدییە دادەنێت
بە پێی هەواڵێكی سایتی سۆمەریییە نیوز كە لەسەر زاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردۆتەوە، ئەمیری داعش ئەبوبەكر بەغدادی، هاووڵاتییەكی بەڕەگەز عەرەب خەڵكی لیبیا بە ناوی "ئەبو ئوسامە ئەلمسراتی" وەكو والی شارەدێی سەعدییە دەستنیشان كردووە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەش بەوە دەدات، كە هاوكات ئەبوبەكر بەغدادی، كەسێكی عەرەبی عێراقی دانیشتووی دیالەشی بە ناوی "ئەبو عەمار" وەكو جێگیری واڵی سەعدییە داناوە و ئەم كەسە تەمەنی لەسەروی 40 ساڵەوەیە.
دانانی ئەم واڵییەی سەعدییە دوای ئەوە دێت، دوێنێ لە شارەدێی ناوبراو بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێندراو بە ئۆتۆمبیلەكەیدا، بەرپرسی سەربازی داعش لە سەعدییە كوژرا.
لە گەڵ دەستبەسەراگرتنی پارێزگای موسڵ لە لایەن چەكدارانی داعشەوە، شارەدێی سەعدییەی سەر بە شارۆچكەی خانەقینیش كەوتووەتە دەستی ئەو چەكدارانەو لە ئێستادا لەبەر ئەوەی زۆربەی هاووڵاتیان و بە تایبەتی هێزە ئەمنییەكان و بەرێوەبەرەكان ناوچەكەیان جێهێشتووە بە ئەستەم زانیاری لە سەر رەوشی ناوچەكە دەست دەكەوێت. ئەو زانیارییانەش كە لەبەردەستدان، داعش دادوەری بۆ ناوچەكە داناوە و رۆژانە هەركەسێكیان بوێت دەستگیری دەكەن و هەروەها لە ماوەی رابردووشدا ژمارەیەك بارەگاو فەرمانگەو شوێنی دیكەیان سوتاندووە. هێزەكانی پێشمەرگەش هەرچەندە لە نزیك شارەدێیەكە جێگیركراون، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ هێرشێكی بۆ سەر شارەدێیەكە ئەنجامنەداوە و وەكو خۆیان ئاماژەی پێدەدەن لە داهاتوودا بە بەرنامەیەو پیلانی تایبەت، هەوڵی ئازادكردنی شارەدێیەكە دەدەن.
