ئاشتی هەورامی ئەم پلانەی بۆ كەمكردنەوەی قەیرانی بەنزین ئاشكراكرد
هەورامی دامەزراندنی پێنج پاڵاوگەی لە باشووری كوردستان بۆ ئەو مەبەستە راگەیاند و گوتی كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت پاڵاوگەیەكی بچووكی داناوە، كە ئێستا لە قۆناخی دیراسەكردنیدان بۆ پەسەندكردنی. وەك ئاشتی هەورامی دەڵێ ، ئەگەر بەكارخستنی ئەو پاڵاوگەیە پەسەندبكرێ رۆژانە ملیۆنێك و 500 هەزار لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنێت و گوتی "ئومێدم وایە پەسەند بكرێ".
وەزیری سامانە سروشتییەكان راشیگەیاند، كە پاڵاوگەیەكی دیكەش دادەمەزرێت، كە نۆ مانگ دەخایەنێت و ئەویش توانای بەرهەمهێنانی ملیۆنێك و 250 هەزار لیتر بەنزینی هەیە.
هەروەها ئاشتی هەورامی هەر لە درێژەی ئەو پلانەی وەزارەتەكەی دایناوە بۆ زیادكردنی بەرهەمی بەنزین رایگەیاند، كە قۆناخی سێیەمی پاڵاوگەی بازیان لەماوەی دوو ساڵی داهاتوو تەواو دەبێت، كە ئەویش توانای بەرهەمهێنانی ملیۆنێك و 500 هەزار لیتر بەنزینی هەیە رۆژانە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە پلانیدایە پاڵاوگەیەك لە گەرمیان دابمەزرێنێت، كە ئەویش بەنزین و موشتەقاتەكانی دیكەی نەوت بەرهەم دەهێنێت.
ئاشتی هەورامی باسی لەوەشكرد، كە پلان هەیە بۆ دامەزراندنی پاڵاوگەیەكی گەورە لە دهۆك، كە تەواوبوونی نزیكەی 2-3 ساڵی پێدەچێ و لەو پاڵاوگەیەش بەهەمانشێوە رێژەیەكی زۆری بەنزین بەرهەم دەهێنرێت.
رووداو
