سەرۆک بارزانی: ئەمەریکا و تورکیا دژی سەربەخۆیی کورد نین

 سەرۆک بارزانی: ئەمەریکا و تورکیا دژی سەربەخۆیی کورد نین
سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی) دەڵێت، عێراق پارچە پارچە دەبێت و کوردیش پلان بۆ جیاکردنەوەی هەرێمی خۆی دادەنێت و دەنگی خەڵکی کوردستانیش لە هەموو لایەنێکی دەرەکی کاریگەرترە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعود بارزانی)، لە دیدارێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی ڤێڵت ئەم زۆنتاگی ئەڵمانیایی، کە ئەمڕۆ یەکشەممە چاپ و بڵاو بووەتەوە، رایگەیاند "پەرلەمانی کوردستان ئامادەکاریی بۆ ڕیفراندۆم دەکات بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان" و گوتووشیەتی "ئەمەریکا لەو هەنگاوەی ئێمە ناڕازیی نییە".

(سەرۆک بارزانی) هاوکات جەختی لە مافی سەربەخۆیی بۆ کورد کردووەتەوە و سەبارەت بە بۆچوونی وڵاتانی دراوسێی عێراق لە بەرامبەر سەربەخۆیی کوردستان ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و باشووری کوردستان کردووە و گوتوویەتی "پەیوەندییەکانمان لە 10 ساڵی رابردوو دا لەگەڵ تورکیا پێشڤەچوونی زۆریان بەخۆوە بینیوە، ئێستا پەیوەندییەکانمان زۆرباشن، دەکرێت تورکیا بە دراوسێ باشەکە وەسفبکەین، تورکیاش لە جاڕدانی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لاریی نییە" .

هەرچی پەیوەندی بە پرسیاری لەمەڕ ئێرانەوە هەیە، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسە ئەڵمانییەکەدا (بارزانی) دەڵێت، ناکرێت هەمیشە سیاسەتمەدارەکانی عێراق بیر لە کاریگەریی وڵاتانی دیکە بکەنەوە، بۆ کوردیش ئەوەی ئەژمار دەکرێت بەرژەوەندیی کوردە.

(بارزانی) وایدەبینێت، کەس پێشی پێ لەپارچەپارچەبوونی عێراق ناگیرێت و دەڵێت "لێرە شوناسی کوردی و سوننی و شیعی و مەسیحیمان هەیە، بەڵام شوناسی عێراقیمان نییە، بارودۆخی عێراق ئێستا بەهۆی داعش و سیاسەتەکانی حکومەتی عێراق لەژێر هەڕەشەدایە"، هەروەک گوتوویەتی "ئەگەر مالیکی، کە ئێستا ویلایەتەکەی تەواو بووە، دەستی لە دەسەڵات هەڵگرتبا رەنگبوو بارودۆخی عێراق لە هەشت ساڵی رابردوو باشتربووایە".

سەبارەت بە هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ سەربەخۆبوونی کوردستان، (سەرۆک بارزانی) دەڵێ "ئەمەریکا هاوکارییەکی فیعلی ئێمە ناکات، بەڵام لەهەمان کاتیشدا لە دژی پرۆسەکە ناوەستێت". سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هەندێک لە سیاسەتمەدارەکانی ئەمەریکا پستیوانی لە کورد دەکەن و هەندێکیشیان پشتیوانی لێ ناکەن، بەڵام سەربەخۆیی کوردستان پرسی خەڵکی کوردستانە.

سەبارەت بە چارەنووسی کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان، (بارزانی) لەو هەڤپەیڤینەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کوردی پارچەکانی دیکە دەبێت خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن.

رۆژنامەنووسەکە پرسیاری "کەی سەبەخۆیی رادەگەیێنی" ئاراستەی (بارزانی) دەکات، وەڵامەکەیش بەمشێوەیەیە: "سەربەخۆیی مافێکی رەوای هەموو گەلێکە و پێش ئەوەی رایبگەیەنین پرس بە گەلەکەمان دەکەین".

(سەرۆک بارزانی) سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، باسی لەوە کردووە، ئەو لەگەڵ کشانەوەی یەکجارەکیی هێزەکانی ئەمەریکا نەبووە، چونکە متمانەی بە سوپاکەی (مالیکی) نەبووە کە بتوانێت سەقامگیری عێراق بپارێزێت.

لە ڕووداوەوە
Top