فەریق جەبار یاوەر: گشت ھێزەکانی پاراستنی ھەرێمی کوردستان بە ھەموو تواناوە بەرگری لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیەکان دەکەن

فەریق جەبار یاوەر: گشت ھێزەکانی پاراستنی ھەرێمی کوردستان بە ھەموو تواناوە بەرگری لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیەکان دەکەن
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە راگەیاندراوێکدا، رایدەگەیەنێت، ھەلوێستی سەرۆکایەتی ھەرێم و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر روونە و نابێتە بەشێک لە ململانێی پێکھاتەکانی عێراق، وتیشی، سەرەنجی ئەو گروپە تیرۆرستیانە رادەکێشین کە ھێزەکانی پاراستنی ھەرێمی کوردستان بەسەبرن ئەما بە زەبرن

.
ئەمەش دەقی راگەیەنراوەکەیە:

ھەلو مەرجی گشتی کوردستان و ناوچە کوردستانیەکان و ھەرەشەکانی گروپە تیرۆرستیەکان و ھەلوێستی ھەرێم:
-لە دوای رۆژی ٢٠١٤/٦/١٠ و لە پاش ئەو ئالوگۆرە خیرا و کت و پرەی رویدا لە رووی ئیداری و سەربازی و ئەمنیەوە لە پانتاییەکی جوگرافی فراوان لە سنوری پارێزگاکانی (نەینەوا + ێلاح الدین + ئەنبار + ھەندی ناوچەی سەر بە پارێزگای کەرکوک + ھەندێ ناوچەی سەر بە پارێزگای دیالی) کە بە شێوەیەکی گشتی ھیچ جۆرە ئیدارەیەکی حکومی و ھیچ جۆرە ھێزێکی سەربازی و ئەمنی سەر بە دام و دەزگاکانی حکومەتی عیراقی ئیتیحادی لەو سنورانەدا نەما و لەجیاتی ئەوان کۆمەلێکی گروپی چەکدار دەستیان گرت بەسەر گشت دام و دەزگا ئیداری و سەربازی و ئەمنیەکانی سنورەکە و چەک و تفاقی جەنگی زۆریان بەردەست کەوت لەو ناوچانە و لە ماوەی کەمتر لە یەک ھەفتەدا و بە درێژایی زیاتر لە ھەزار کیلۆمەتر بوونە ھاوسێی ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیەکان.
سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر روون و ئاشکرا ھەلوێستی خۆیان لەبارەی ئەو ھەل و مەرجە نوێیەدا ئاشکرا کرد کە بە ھیچ شێوەیەک ھەرێمی کوردستان نابێتە لایەنێک لە ململانێی نێوان پێکھاتە جیاوازەکان و داکۆکی دەکات کە گشت کێشەکان بەشێوازی گفت و گۆی ھێمنانە و سیاسیانە چارەسەر دەکرێت و لەگەل ئەوەشدا بە ھەموو توانای خۆی ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیەکان لە ھەر ھەرەشەیەکی دەرەکی و تیرۆرستان دەپارێزێت و بەھیچ شێوەیەک کاری سەربازی لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیەکان ئەنجام نادات.
بەلام ئەوەی بەدی کرا و دەکرێت بەشێوەیەکی زۆر رون و ئاشکرا و لە پاش ٢٠١٤/٦/١٠وە ھەندێ گروپی تیرۆرست چەند جارێک و لە زۆر شوێنی جیاجیای ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیەکان پەلاماری ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزەکانی تری پاراستنی کوردستان دەدەن و جگە لەوەش تۆپبارانی ناوچەکانی نیشتەجێ بونی ھاوولاتیانی سڤیل دەکەن لە سنوری ناوچەکانی (جەلەولا و دەوروبەری کەرکوک و توزخورماتوو و حەمدانیە و قەرقوش و رەبیعە و شەنگار ...ھتد) و بەتایبەت لەم چەند رۆژەی دواییدا زیاتر لە (١٥)پازدە جار و لە چەند قۆلێکەوە پەلاماری سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگەیان داوە لە سنوری (حەمدانیە) و جگە لەوەش ھاولاتیانی سڤیلی ناوچەکەشیان تۆپباران کردووە ...
لێرەدا دوپاتی دەکەینەوە کە گشت ھێزەکانی پاراستنی ھەرێمی کوردستان بە ھەموو تواناوە بەرگری لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیەکان دەکەن و سەرەنجی ئەو گروپە تیرۆرستیانە رادەکێشین کە ھێزەکانی پاراستنی ھەرێمی کوردستان بەسەبرن ئەما بە زەبرن.
و جەخت دەکەینەوە بۆ جارێکی تر تەنھا و تەنھا ھەر ئێمەی ئەندام و ووتەبێژی فەرمی فەرماندەیی گشتی ھێزەکانی پاراستنی ھەرێم بە فەرمانی رێزدار (سەرۆک بارزانی)سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتی ھێزەکانی پاراستنی ھەرێم ،ووتەبێژی فەرمی ھێزەکانی پاراستنی ھەرێمین و ھەرچی دەگوترێت لە دەرەوەی ئەودا نافەرمی و ناراستە.




PNA
Top