زانیاری نوێ لەسەر نزیكبونەوەی داعش لە قەرەتەپە
بەرپرسی ناوچەی قەرەتەپەی پارتی دیموكراتی كوردستان, سەباح برایەتی, بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ لە بەیانی ئەمرۆوە چەكدارانی داعش لە سنوورەكە جموجۆڵیان دەستپێكردووە و لە گوندی جبوری عەرەب نیشین كە شەش كیلۆمەتر لە قەرەتەپەوە دوورە جێگیربوون و خاڵی پشكنینیان داناوە.
سەباح برایەتی ئاماژەشیدا، هاتنی ئەو چەكدارانە دوای ئەوە دێت كە ژمارەیەك گوندی سنوورەكە چۆڵیان كردووە و ئەوانیش پاش كۆنترۆڵ كردنی ناوچەی حەوزی حەمرین روویان لە قەرەتەپە كردووە و چۆڵی ئەو گوندانەش هۆكاربوون بۆ پێشرەوی ئەو چەكدارانە.
وتیشی، لەبەرامبەر هاتنی چەكدارەكانی داعش، هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان كە لە ناو شارەدێیەكەو دەوروبەری جێگیركراون لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ هەر رووبەروبونەوە و پەلامارێكی تیرۆریستی كە لە لایەن چەكدارەكانەوە بكرێتە سەر ناوچەكە.
بەرپرسەكەی پارتی لە قەرەتەپە ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی خراپی رەوشەكەوە بە تایبەتی لە دوو رۆژی رابردوودا كە چەكدارانی داعش و سوپای عێراق لە چەند ناوچەیەكی دیالە شەروپێكدادان لە نێوانیان دەستی پێكردووە و تاوەكو ئێستاش بەردەوامە، بە سەدان خێزانی ئەو ناوچانە ئاوارەبوون و نزیكەی 500 خێزان روویان لە شارەدێیی قەرەتەپە كردووە.
لە گەڵ تێكچوونی رەوشی چەند ناوچەیەكی عێراق و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ، لە شارەدێی قەرەتەپە پاش ئەوەی هێزەكانی سوپای عێراق كشانەوە، هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە سنوورەكە جێگیربوون.
