سەرۆک بارزانی بۆCNN: كاتی ئەوە هاتووە كورد بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات

 سەرۆک بارزانی بۆCNN: كاتی ئەوە هاتووە كورد بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات
لە یەكەم دیمانەیدا لە دوای رووداوەكانی مووسڵ و شەڕی نێوان سوپا و چەكدارانی داعش، کە کەناڵی CNNلەگەڵیدا سازی دا، سەرۆکی هەرێـمی کوردستان مەسعوود بارزانی دەڵێت، كاتی ئەوە هاتووە كورد بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات لە نێو عێراقدا و بۆ ئەمەیش بۆ بڕیاری گەل دەگەڕێینەوە.

لە میانەی بەشداریكردنی لە بەرنامەی ئامانپۆری تەلەڤزیۆنی CNN-ی ئەمەریکاییداكە ئەمشەو سەعات 9 پەخش کرا، سەرۆک بارزانی، ئاماژەی دا كە لە 10 ساڵی رابردوودا هەوڵ و كۆششیان کردووە لەپێناو بنیاتنانەوەی عێراقێكی نوێی دیموكراتی، بەڵام بەداخەوە ئەزموونەكە سەركەوتوو نەبوو.

بارزانی ڕایگەیاند "دوای رووداوەكانی ئەم دواییە و ئەم قۆناخە، كاتی خۆیەتی كورد بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات". لە وەڵامی پرسیارێکدا كە ئایا خۆتان یەكلاكردووەتەوە بۆ سەربەخۆیی، بارزانی گوتی "پابەندین بەو بڕیارەی گەلی كورد دەیدات." چونکە ئەوە

لەبارەی شاری كەركووكیشەوە دەڵێت، ئەوان شاری كەركووكیان كۆنترۆڵ كردووە و لە رووی مێژووییەوە شارێكی كوردستانییە، لە هەمان كاتیشدا ئامادەن رێز لە ئەنجامی هەر ریفراندۆمێك بگرن تەنانەت ئەگەر بە دڵی كوردیش نەبێت.

دەربارەی پرسی کەرکووک زیاتر گوتی "کەرکووک بەشێکە لە کوردستان و پاش 2003 کاتێ عێراقمان بنیات نایەوە دەستوورمان نووسییەوە، تێیدا ماددەی 140 تایبەت کرا بە چارەکردنی پرسی کەرکووک و پێمان وابوو دەشێت بە ڕێی دەستوور یەکلا بکرێتەوە، بەڵام بە داخەوە دەستەڵاتداران هەمیشە خۆیان لە جێبەجێکردنی دەستوور دزییەوە و پشتگوێین خست.

دەربارەی ئەگەری ڕاگەیاندنی سەربەخۆییش بارزانی ڕایگەیاند، "ڕیفراندۆم ئەنجام دەدەین و بۆ بڕیاری گەل دەگەڕێینەوە."

دەربارەی دۆخی ئەم دواییەیش کە گرووپە چەکدارەکانی ناوچەگەلێکیان لە دەست حکوومەتی عێراق دەرهێناوە و هاوسنوورن لەگەڵ سنووری هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند، "ئەرکمانە پارێزگاری لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بکەین و لە هەر هەڕەشەیەک دەیانپارێزین، بەڵام کارمان بە ناوچەکانی دیکەوە نییە."

زیاتر گوتی "ئەوەی ئێستا لە عێراقدا ڕوو دەدات هەڵەی ئێمەی تێدا نییە و جیا لە پاراستنی خاکی کوردستان، ناچینە شەڕێکەوە ئەگەر لە داهاتووی خۆمان دڵنیا نەبین."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناردنی ئەو 300 ڕاوێژکارە سەربازییەی ئەمەریکایش کە سەرۆک ئۆباما بڕیاری ناردنی داوە، گوتی، "پێم وا نییە هیچ شتێک لە ئەنجامە بەدەستهاتووەکانی ئەم دواییە بگۆڕێت، چونکە قەیرانی ئێستا عێراق دەبێ بە ڕێی سیاسیی چارە بکریت، چونکە شەڕ بەرەنجامی ئەرێنیی لێ ناکەوێتەوە."

ڕاشکاوانەیش ڕایگەیاند کە، "بەرپرسیاری ئەو دۆخەی ئێستا، دەستەڵاتی حوکمڕانە لە عێراقدا کە سەرۆکوەزیران نووری مالیکییە و دەبێ لەسەر کار نەمێنێت.

Top