دەبێ هەر مەسیحییەک 250 دۆلار سەرانە بدات و پۆلیس و سەربازیش تۆبە بکەن.. داعش نەبی یوونس و نەبی شیتیش دەتەقێنێتەوە

 دەبێ هەر مەسیحییەک 250 دۆلار سەرانە بدات و پۆلیس و سەربازیش تۆبە بکەن.. داعش نەبی یوونس و نەبی شیتیش دەتەقێنێتەوە
چەکدارانی داعش مەزارگەی خدر ئەلیاس و پەیکەری عوسمان مووسڵیان تەقاندەوە و لە ھەوڵی تەقاندنەوەی مەزارگەی نەبی یوونس و نەبی شیتیشن. هاوکات بەپێی یاسا نێکانیان داوای سەرانە لە مەسیحییەکان دەکەن و پۆلیس و سەربازانیش تۆبەنامەیان پێ پڕ دەکرێتەوە.


بەپرسی راگەیاندنی لقی چواردە پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، سەعید مەموزینی، بە kdp.info-ی راگەیاند: چەکدارانی داعش لە وتاری دوێنێ ھەینیدا داوایان لە مەسیحییەکان کرد، پێویستە سەرانە بدەن، کە بڕەکەی 250 دۆلارە و ئەگەرنا سەروماڵیان پارێزراو نابێت.

سەعید مەموزینی گوتیشی: لە تەلەعفەریش مەزارگەی خدر ئەلیاس ھەیە کە لەلایەن موسڵمان و ئێزدییەکانەوە زۆر پیرۆزە و لەلایەن چەکدارانی داعشەوە تەقێندرایەوە.

بەپرسی راگەیاندنی لقی چواردە پارتی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ روونیشی کردەوە، "لە پارێزگای مووسڵیش پەیکەری عوسمان مووسڵی کە کوردە، ئەویشیان تەقاندەوە و لە ھەوڵی تەقاندنەوەی مەزارگەی نەبی یوونس و نەبی شیتیشن، داعش ئەگەر ئەم کارە بات دەبێتە ھۆی نارەزایەتیی خەڵکێکی زۆر لە مووسڵ."

مەموزینی راشیگەیاند: "ئەمڕۆ بنکەیەکیان کردووەتەوە بۆ تەوبەپێکردنی پۆلیس و سەربازەکان و ئەوانیش دەچن لەوێ تۆبەنامە پڕ دەکەنەوە و دەچنەوە ماڵەکانیان و لێیان خۆش دەبن، بەپێچەوانتیشەوە سزا دەدرێن."

مەمووزینی پێشتریش پێی ڕاگەیاندین کە: جگە لە نەبوونی خزمەتگوزاری، چەكدارانی داعش بە زۆر یاساكانیان بەسەر خەڵكدا جێبەجێ دەكەن، لەوانە پێویستە ئەو كچانەی كاتی شووكردنیانە لە دادگە ناویان تۆمار بكەن بۆ ئەوەی بدرێن بە چەكداران و جگەرەكێشان بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە و هیچ ئافرەتێكیش ناتوانێ بە بێ كەسێكی نزیكی بچێتە دەرەوە، هەروەها سەرتاشخانەكانیش نابێت بە هیچ شێوەیەك ڕدێنی خەڵكی بتاشن و هەر كەسێكیش سەرپێچی بكات، بە توندی سزا دەدرێت.
Top