داوا لە مالیكی كراوە بە سیاسەتەكانیدا بچێتەوە.. دووەم كۆبوونەوەی ماڵی جەعفەری بێئەنجام بوو

 داوا لە مالیكی كراوە بە سیاسەتەكانیدا بچێتەوە.. دووەم كۆبوونەوەی ماڵی جەعفەری بێئەنجام بوو
دووەم كۆبوونەوەی بێئەنجام لە ماڵی ئیبراهیم جەعفەری ساز كرا و تێیدا داوا لە نووری مالیكی كرا بە سیاسەتەكانیدا بچێتەوە و كۆبوونەوەكانیش درێژەیان دەبێت.

لەم بارەیەوە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و نوێنەری كلدوئاشووری یونادم یوسف كەننا كە لە كۆبوونەوەكەدا بەشداربوو، بۆ kdp.infoگوتی: لە كۆبوونەوەكەدا دوو خاڵ باس كران، لەوانە هەموو لایەنەكان پێكەوە لە بەرامبەر تیرۆر بوەستنەوە و خاڵی دووەمیش ئەوە بوو كە خەریكە شەڕی سوننە و شیعە دەست پێدەكات و چۆن رێگری بكرێت شەڕی ساڵی 2007 دووبارە نەبێتەوە.

یونادم گوتیشی: هەر لە كۆبوونەوەكەدا داوا كرا نووری مالیكی بە سیاسەتەكانیدا بچێتەوە، چونكە كورد و سوننە تێبینییان لەسەر چونیەتیی بەرێوەبردنی دەستەڵات هەبووە و ئەویش هیچ هەڵوێستێكی ئەرێنی نەبوو، بگرە دانیشی بەو هەڵەیەدا نەنا.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زیاتر گوتی: باس لە كۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق كرا كە پێویستە كۆتایی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت، بەڵام نەگەیشتنە هیچ رێككەوتنێك و خوزێر خوزاعییش كە جێگری سەرۆككۆمارە، سوورە لەسەر ئەوەی وادەی كۆبوونەوەكە رابگەیەنێت، چونكە دادگەی فیدراڵی رێگەی پێ نادات دوای بخات.

ئەوەیشی خستە ڕوو كە كۆبوونەوەكان درێژەیان دەبێت تاوەكو دەگەنە بڕیارێك و وەهایش بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوواد جارێكی دیكە كۆبنەوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا د. رۆژ نووری شاوێس و د. بەرهەم ساڵح وەكو نوێنەری كورد بەشدار بوون.
Top