سەعدییە.. لە شەرێكی قورسدا هێزەکانی پێشمەرگە چەکدارانی داعشیان تێکشکاند و شەشیان لێکوشتن
سەرچاوەیەكی بەرپرس لەهێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ دوێنێ ئێوارێ(سێشەممە)، چەكدارێكی زۆری داعش بە ئۆتۆمبیل و تەقەمەنییەكانی سوپای عێراق هێرشیان كردە سەر ئەو هێزە پێشمەرگەی كە لە سەربازگەی كۆبرا لە نێوان جەلەولا سەعدییە لە شوێنی لێوای چواری سوپای عێراق جێگیر ببوون و پاش رووبەڕوبوونەوەیەكی قورس كە ١١ كاتژمێری خایاندا و هەتا كاتژمێر چواری بەرەبەیانی درێژەی هەبوو، هێزەکانی پێشمەرگە توانیان پاشەکشە بە چەکدارانی داعش بکەن و شەش کەسیان لێبکوژن.
لەو شەڕە دا دوو پێشمەرگە كە یەكێكیان خەڵكی شارەزوورە و ئەوی دیكەیان خەڵكی شارەدێی رزگارییە لە كەلار، شەهید بوون و دوو پێشمەرگەی دیكەش بریندارن.
ئەو بەرپرسەی هێزەکانی پیشمەرگە ئاماژەی بەوەشدا کە لە كۆتایی شەرەكەدا توانیویانە برێكی زۆر چەكی قورس لە خانەقینەوە بگەیەننە ناوچەی شەڕەكە و پاشان بە هاوەن و كاتیۆشا و چەند جۆرە چەكێكی دیكە ناوچەی چەكدارەكانی داعشیان بۆردومان كردووەو توانیویانە پاشەكشەیان پێبكەن.
