نێچیرڤان بارزانی: مەحاڵە عێراق بگەڕێتەوە دۆخی جاران
بارزانی هۆكاری خراپبوونی دۆخی ئەمنی عێراق دەخاتە ئەستۆی نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و دەڵێ "تەنیا هێرشی گرووپی داعش نییە دۆخەكەی خراپ كردووە، بەڵكو ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی مالیكییە كە سوننەی پەراوێزخستووە". راشیدەگەیێنێت كە سەرۆك وەزیرانی عێراق هیچ متمانەیەكی لەنێو كورد و سوننەدا نەماوە. بە پێویستیشی دەزانێ دوای هێوربوونەوەی دۆخەكە نووری مالیكی دەستبەرداری پۆستەكەی ببێ.
نێچیرڤان بارزانی دەشڵێ "مەحاڵە عێراق بە یەكگرتووی بمێنێتەوە"، ئەو باس لەوە دەكات كە پێویستە سوننەكانی عێراقیش هاوشێوەی كورد هەرێمێكی سەربەخۆی خۆیان هەبێت و ئەوە بە گونجاوترین مۆدێل دەزانێت بۆ بەڕێوەبردنی عێراق.
سەبارەت بە جووڵەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان دوای رووداوەكانی موسڵ و كشانەوەی سوپای عێراق، نێچیرڤان بارزانی جەختدەكاتەوە كە ئەو هێزانە ئامانجیان نییە بچنە نێو شاری موسڵ و ئەولەویەتی كاری پێشمەرگە پاراستنی سنوورەكانی هەرێمی كوردستانە.
رووداو
