بە بڕیاری ئۆباما سەربازی ئەمریكی دێنەوە عێراق

 بە بڕیاری ئۆباما سەربازی ئەمریكی دێنەوە عێراق
سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كۆنگرێسی وڵاتەكەی ئاگاداركردووەتەوە كە بڕیاریداوە ژمارەیەك سەرباز بنێرێتە بەغدا بۆ پارێزگاریكردن لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا.

لەگەڵ بەردەوامبوونی ئاڵۆزییەكانی عێراق و نزیكبوونەوەی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە ناوچەكانی باكووری بەغدا، هەڕەشەكان بۆ سەر بەغدا تا دێت زیاتر دەبن، چەند ئاژانسێكی هەواڵ بڵاویان كردەوە كە ئەمریكا، بەنیازە ستافی باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغدا بەرەو ئوردو یان ناوچەیەكی دیكەی عێراق بگوازێتەوە.

بەڵام باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند، كە بەنیازە ژمارەیەك سەرباز لە سوپای ولاتەكەی بنێرێتە بەغدا بۆ پارێزگاریكردن لە باڵیۆزخانەكە و كارمەندەكانی.

باراك ئۆباما لە نامەیەكدا بۆ كۆنگرێسی وڵاتەكەی باسی لەوە كردووە، بڕیاری داوە 275 سەربازی سوپای ئەمریكا رەوانەی بەغدا بكات، كاری ئەو سەربازانەش تەنها پارێزگاریكردن دەبێت لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا.

بەپێی بڕیارەكەی ئۆباما ئەو سەربازانە لە بەغدا دەمێننەوە تا ئەوكاتەی دۆخی عێراق بە تەواوی ئارام دەبێتەوە.

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەینی رابردوو لە كۆشكی سپی كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق سازكردو تێیدا جەختیكردەوە، كە ئەمریكا جارێكی دیكە هێزی سەربازیی نانێرێتەوە عێراق و گوتی "ئەو شەڕە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە"‌و داوایكرد سەركردە ناكۆكەكانی عێراق خۆیان بگەنە رێككەوتن و كێشەكان چارەسەر بكەن.






رووداو
Top