رێنماییەكی تازە بۆ دەرماڵەیەكی فەرمانبەران دەردەكرێت

رێنماییەكی تازە بۆ دەرماڵەیەكی فەرمانبەران دەردەكرێت
وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رێنمایەكی تازە بۆ چۆنیەتی خەرجكردنی دەرماڵەی بەشێك لە فەرمانبەران دەردەكات، ئەو رێنماییەش ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە كە لە بەشەكانی یاسای دامودەزگاكانی حكوومەت كار دەكەن.


بە پێی رێنمایی دارایی ژمارە(10)ی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ، كە بە نوسراوی ژمارە(4710) لە 9/6/2014 دەرچووە و ،ئەوە خراوەتەروو كە لە مەودوا خەرجكردنی دەرماڵەی مەترسی بۆ فەرمانبەرانی خاوەن بڕوانامەی یاسا بە پێی ئەو رێنماییە تازە دەبێت.

وەزارەتی دارایی دەرماڵەی مەترسی بە رێژەی 30% موچەی بنەرەتی بۆ فەرمانبەرانی خاوەنی بڕوانامەی زانكۆیی لە یاسا و هاوتاكەی (ماف و یاسا) لە ساڵی2011 خەرج دەكات.

لە رێنمایییە تازەكەیدا وەزارەتی دارایی، بڕیاریداوە ،ئەوەی دەرماڵەكەی بۆ خەرج دەكرێت پێویستە لە سەر بنەمای بڕوانامەی زانكۆیی (بەكالۆریۆس) لە یاسا دامەزرابێت، هەروەكو دەبێت ئەو فەرمانبەرە یەكەمین دامەزراندنی بە ناونیشانی یاسایی و یاریدەدەری یاسایی بوبێت بە پلە بەندیەكانی(یاسایی، مشوەرەتكاری یاسایی، مشوەرەتكاری یاسایی پێشكەوتوو.

لە بڕگەی دووەمی رێنمایەكەدا جەخت لە سەر ئەوەكراوەتەوە ، ئەو فەرمانبەرانەی كە بە بڕوانامەی (پەیمانگا و ئامادەیی ) دامەزراون، یان دادەمەزرێن، دواتر بڕوانامەی زانكۆیی یاسا بە دەست دەهێنن، بۆ خەرجكردنی ئەو دەرماڵە پێویستە ناونیشانی وەزیفی ئەو كەسانە یاسایی و مشوەرتكاری یاسایی بێت و بە كردەییش كاری یاسایی بكەین و بەشی یاسا لە فەرمانگەكەیان هەبێت.

لە رێنمایی پێشووتری وەزارەتی دارایی كە بریتی بوو لە رێنمایی ژمارە(10)ی ساڵی 2011 دەرماڵەیەكی تر بە رێژەی 20%ی موچەی بنەرەتی بۆ ئەو فەرمانبەرانە خەرج دەكرا، كە بە هەمان شێوە دەرچووی زانكۆ بەشی (ماف و یاسا) بوون، بەڵام بە پێی رێنماییە تازەكە ئەو دەرماڵەیە هەڵدەوەشێندرێتەوە و خەرج ناكرێت، تەنها بە پێی ئەو رێنماییە دەرماڵەی 30% موچەی بنەرتی خەرج دەكرێت.

وەزارەتی دارایی بڕیاریداوە ئەو رێنماییە تازە لە 1/5/2014 كاری پێ بكرێت و جێبەجێ بكرێت.
Top