موچەی مامۆستایانی گرێبەست لە وەرزی هاوینیش بەردەوام دەبێت

موچەی مامۆستایانی گرێبەست لە وەرزی هاوینیش بەردەوام دەبێت
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات هاوشێوەی مامۆستایانی هەمیشەیی ، لە وەرزی هاویندا موچەی مانگانەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەكرێت. وەزیری پەروەردەش رای دەگەیەنێت ئەوە رێنمایی وەزارەتی داراییە و خۆ خێریان پێ ناكرێت.



بەكر كەریم بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر بە (باس)ی راگەیاند لەمساڵی خوێندن هەزار مامۆستا بە گرێبەست لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دامەزراون، گوتیشی: ئێمە پێشنیازمان كردبوو،هەزار مامۆستای گرێبەست لە پەروەردەی هەولێر بە تایبەت لە ناوچە سنوریەكان دابمەزرێندرێن، وەزارەتی پەروەردەش رەزامەندی دا بەڵام ئەو هەزار گرێبەستە بۆ هەموو هەرێمی كوردستا بوو.

لە پاڵ دامەزراندنی مامۆستای گرێبەست، لە میلاكی دامەزراندنی ساڵی 2013 زیاتر لە 3 هەزار و 350 مامۆستا لە سەر میلاكی هەمیشەیی دامەزرێندراون.

بەكر كەریم ئاماژەی بەوەشدا لەو هەزار پلەیە 300 پلەی گرێبەست بەر پارێزگای هەولێر كەوتووە و دابەشی سەر پێنج پەروەردە كراون، گوتیشی: بڕیارێكی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران هەیە كە مامۆستای گرێبەست تەنها بۆ ناوچە سنوریەكان دادەمەزرێندرێت، بۆیە پەروەردەكانی دەروبەر وەكو مەخمور و دەشتی هەولێر و خەبات گرێبەستیان بۆ دانەندرا، تەنانەت 150 داواكاری ئەو شوێنانەمان بەرز كردەوە بەڵام رەزامەندیان لە سەر نەدرا.

بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر جەختی لە سەرئەوەكردەوە بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییەكان بە تایبەت لە ناوچە دوورە دەستەكان، ساڵی خوێندنی 2014 -2015 سەدان مامۆستای تر بە گرێبەست دادەمەزرێندرێن، گوتیشی: ئومێد دەكەین لە كابینەی هەشتەم دامەزراندنی مامۆستا بە هەمیشەیی لە مانگی 9 تەواو بكرێن، هەروەها داواش دەكەین دامەزراندن لە ئامار نەبێـت، بەڵكو راستەوخۆ لە پەروەردەكان بێت.

بەكر كەریم هێمای بۆ ئەوەشكرد یەكەم ساڵە مامۆستایان بە گرێبەست دابمەزرێندرێن،و بۆ وەرزی هاوینیش موچەكانیان پێ دەدرێت، گوتیشی: وەكو مامۆستایانی هەمیشەیی، مامۆستایانی گرێبەستیش لە وەرزی هاوین هەر 3 مانگ، ئەوانیش موچەی خۆیان وەر دەكرن، ئەو بڕیارەش یەكەمجارە جبَبەجێ بكرێت.

موچەی مانگانەی مامۆستایانی گرێبەست ئەگەر دەرچووی كۆلیژ بن 500 هەزار دینارە ، ئەگەر دەرچووی پەیمانگاش بن موچەكانیان 400 هەزار دینارە.

Top