لەسەر رەوشی ئەمنی عێراق وڵاتانی عەرەب کۆدەبنەوە
نەبیل عەرەبی، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "بەمەبەستی تاوتوێکردن و گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی رەوشی ئەمنی مەترسیداری ئێستای عێراق، رۆژانی چوارشەممەو پێنجشەممەی داهاتوو وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەب لە شاری جەدەی پایتەختی سعودیە کۆدەبنەوە".
نەبیل عەرەبی گوتیشی: "کۆمکاری عەرەبی کە بارەگاکەی لە قاهیرەی پایتەختی میسرە، نیگەرانە لەبەرامبەر رەوشی ئەمنی ئێستای عێراق و ئەو کردەوە چەکدارییانەی ژمارەیەک شاری عێراقی گرتووەتەوە".
دوای کۆنتڕۆڵکردنی شاری موسڵ و زۆربەی ناوچەکانی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین لەلایەن چەكدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە (داعش)، شاری بەغداو ژمارەیەک پارێزگای دیکەی عێراق پشێویان تێکەوتووە.
رووداو
