حكومەتی عێراق لە توانایدا نییە كێشەكانی چارەسەر بكات، بۆیە باشترین رێگە ئەوەیە وڵاتەكە دابەشبكرێت
هەروەها لە پرسیارێكی گۆڤاری گوڵاندا كە ئایا داگیركردنی ئەم شارانە لەلایەن تیرۆریستانەوە شتێكی چاوەڕوان كراوبوو؟ ماكس ئەبراهامۆ گوتی: لە راستیدا ئەمە تەواو جێی سەرسوڕمانی بوو- بە هیچ شێوەیەك چاوەڕوان كراو نەبوو-، بە هەزارەها گرووپی تیرۆریستی هەبوون لە مێژووی هاوچەرخەدا، لە دوای كۆتایی ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردوەوە، كە ویستویانە لە رووی سیاسییەوە گەشە بكەن، بەڵام هەرگیز نەمبینیوە ئەوان بەرەوپێشچوونی سیاسی بەدەست بهێنن و شاری گەورە بگرنەدەست و ببنە هەڕەشە بۆ سەر حكومەت.
شایانی باسە ئەبراهامۆ گوتی: شێوازی كۆتایی هاتنی گرووپێكی تیرۆریستی، و شێوازی داكشانی هەڕەشەی تیرۆریستی لەسەر دەستی حكومەت روونادات، واتە ئەوە حكومەت نییە كە بە كوشتنی سەركردەكەیان یان بە گرتنی سەرجەم ئەندامەكانیان یاخود بە كوشتنی ئەندامەكانیان كۆتاییان پێ بهێنێت، بەڵكو ئەوەی روودەدات ئەوەیە گرووپە تیرۆریستیەكە خۆی خۆی دەكوژێت، چونكە كارەكان لە سنور تێدەپەڕێت و خەڵكانێكی زۆر دەكوژێت و خۆی لە خەڵكەكە دابڕێت. ئێوە ئەم حاڵەتە باش دەزانن، چونكە لە عێراقدا ئەوە خەڵكەكە بوو كە چەند ساڵێك پێش ئێستا دژی ئەل قاعیدە وەستایەوە، ئەمە باشترین گرەوە بۆ كۆتایی هێنان بە گرووپە تیرۆریستییەكان لە عێراق.
ماكس هەروەها دەڵێ: سیاسەتی دەرەوەی ئۆباما ناجێگیرە، لەسەرەتادا من لە سیاسەتی ئەمریكا تێگەیشتم لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمەوە، لە شەڕی دژە تیرۆردا ئێمە رامانگەیاند كە دژی هەموو جۆرە تاكتیكێكی تیرۆریزمین، چونكە خەڵكی بێتاوانی تێدا دەكوژرێت. چونكە ئەو كەسانە هەر كێیەك بن و هەر پاساوێكیشی بۆ بهێنرێتەوە ئەوا ئەمە هەڵەیە، من لەوە تێگەیشتم. بەڵام لە پێوەندیدا بە سوریاوە ئەوا سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ئاستی تیرۆردا رەق هەڵات.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (981)
