جەبار یاوەر: حەوت شەهید و 36 بریندارمان هەن
گوتەبێژ و ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەبار یاوەر، لەبارەی ژمارەی شەهید و بریندارانی هێزی پێشمەرگەوە، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی: "دەمانەوێت ژوورێكی عەمەلیات دروست بكەین و ئەمڕۆیش لە هەوڵی دروستكردنی ئەو ژوورەداین و سەرژمێریی سەرجەم ئەو ئامارانە دەكەین، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی لە سنووری ڕەبیعە لە سەرەتای چۆڵكردنەوە هەندێك تەقە هەبوو دواتر هێزێكمان چووە شوێنەكان بۆ ئەوەی شوێنی سوپای عێراق بگرێتەوە، لەوێ دوو شەهیدمان هەبوو، لە كەركووكیش لە كاتی چۆڵكردنی بارەگاكانی سوپای عێراق بۆمب بە ئۆتۆمبێلەكانی لیوای سوپای دوودا تەقییەوە، لەوێیش دوو شەهیدمان داوە و چوار برینداریش هەبووە، هەروەها لەو شەڕانەی لە ناوچەكانی دیالە لەگەڵ چەكدارەكاندا كراوە، دوو شەهیدمان داوە لەگەڵ 23 بریندار."
گوتیشی: "ئەمڕۆ 15/6/2014 لە ناوچەی ڕەبیعەی سنووری پارێزگای مووسڵ، بۆمبێك بە فەرماندەی سپیلكدا تەقیوەتەوە، لەوێیش شەهیدێك هەیە لەگەڵ دوو بریندار."
یاوەر ئەوەیشی خستە ڕوو: "بە گشتی 6 شەهید و 30 بریندار هەن، جگە لەوەی لە بۆردوومانی فڕۆكەكانی عێراقدا 6 بریندارمان هەبووە، كە ڕووداوەكە بەم شێوە بووە: لە شارەدێی سەعدییەی سەر بە شارۆچكەی خانەقین، سەرەتا هاوەنێك هاویشتراوە، دواتر كۆپتەری جەنگی بۆردوومانی كردووە، دیارە لە شەڕەكەیشدا هەمووی نزیك لە یەك بوون ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی بازگەی "كۆبرا" بووین بە دیوی خانەقیندا و چەكدارە توندڕۆكانیش لە دیوی خوارەوە بوون واتە ڕۆژئاوا، بازگەكەیش لە ناوەڕاست بووە، ئیتر لەو شەڕانەدا كۆپتەر هاتووە هاوكاریی چەكداران بكات، بەڵام مووشەكێكی وەشاندووە بەرەو ڕۆژهەڵات هاتووە، بۆیە ئۆتۆمبێلێكی سووتاندووە و 6 پێشمەرگەی بریندار كردووە."
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، ڕوونیشی كردەوە، ئاگاداری هیچ پلانێكی سەربازیی حكوومەتی عێراق نین لەبارەی بۆردوومانی شاری مووسڵ و ڕاوەدوونانی داعشەوە، ئەوە شتێكە دەبێت فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق وەڵامی بداتەوە.
