جەلەولا.. پێشمەرگە و داعش بە دووری كیلۆمەترێک لە یەکتر خاڵی پشكنینان داناوە

جەلەولا.. پێشمەرگە و داعش بە دووری كیلۆمەترێک لە یەکتر خاڵی پشكنینان داناوە
بە گووتەی سەرچاوەیەک لە نێو هێزەکانی پێشمەرگە، خاڵی پشکنینی هێزەکانی پێشمەرگەو چەکدارەکانی داعش لە نێو جەلەولا کیلۆمەترێک لە یەک دوورە.



سەرچاوەیەك لە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە جەلەولا بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ ماوەی دوو رۆژە شەڕوپێكدادانی نێوان هێزە كوردستانییەكان و چەكدارانی داعش لە جەلەولا ڕاوەستاوەو چەكدارانی داعش لە گەرەكی تەجنید كە هەموو دانیشتوانەكەی عەرەبی سوونەن خاڵی پشكنینیان داناوە و لە بەرامبەریشدا، هێزەكانی پێشمەرگە بە دوری كیلۆمەترێک لە چەكدارانی داعش خاڵی پشكنینان داناوە.



سەرچاوەکە گووتی: شارەدێی جەلەولا لە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە دایە و تەنها گەرەكی تەجنید و ناوچەیەكی پشت گەرەكی تەجنید كە هەموو عەرەبی سوونەن و هەندێک گوندی نێوان جەلەولا و سەعدییە بە دەست چەكدارەكانی داعشەوەیە.



چەند رۆژێك لەمەوبەر لە سنووری شارەدێی جەلەولا هێزەكانی سوپای عێراق كشانەوەو هێزەكانی پێشمەرگە و دژە تیرۆر و پۆلیس و ئاسایشی گەرمیان چوونە ناو شارەدێیەكەوە و لە دوو رۆژی رابردوودا شەروپێكدادان لە نێوان هێزە كوردستانییەكان و چەكدارانی داعش و عەرەبی ناوچەكە لە گەرەكی تەجنید شارەدێەكە روویداو لە ئاكامدا دوو چەكدار كوژران كە یەكێكیان كوری سەرۆك هۆزێكی دیاری ناوچەكەیە و لەبەرامبەریشدا سێ ئەندامی دژە تیرۆر و بەرێوەبەری ئاسایشی جەلەولا برینداربوون.
Top