لێدوانی نێچیرڤان بارزانی لەسەر جموجۆڵی پێشمەرگە و هێرشەکانی داعش
لە کۆنگرەیەکی ڕژنامەوانیی هاوبەشی نێوان سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نوێنەری یوئێن لە عێراق، کە ئەمڕۆ شەممە بەڕێوە چوو، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، 'هەمیشە چوارچێوەی سیاسەتمان دژ بە تیرۆر و تیرۆریستان بووە و لە سالانی ڕابردوویشدا بەرەوڕووی ئێمەیش بووەتەوە، هەربۆیە، دژبە تیرۆر دەوەستینەوە و پارێزگاری لە خەڵک دەکەین."
زیاتر گوتی "دژی تیرۆرین و وەک هەمیشەیش دژ بە تیرۆر دەبین. بەڵام دۆخی سیاسیی ئێستای عێراق بە پلانی سەربازی چارە ناکرێت و دەبێ وەک سەرەتا لە ڕووی سیاسییەوە لێکتێگەیشتن و چارەسەر هەبێ، ئینجا پلانی سەربازیی دابڕێژرێت."
نێچیرڤان بارزانی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەهەمبەر دۆخی ئێستای عێراق ڕوون کردەوە کە "هێشتا خۆمان بە بەشێک لە عێراق دەزانین، چوونی پێشمەرگەیش بۆ هەندێ شوێن بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنیی بووە لەو شوێنانەی کە سەربازانی سوپای عێراق لە شەڕیاندا دژبە داعش چۆڵیان کردووە. بەپێی دەستووریش ئەرکی پێشمەرگە پاراستنی هەرێمی کوردستانە و حکوومەتی هەرێمـیش ئەم بنەمایەی بۆ جووڵەپێکردنی پێشمەرگە بە هەند گرتووە."
سەرۆکوەزیرانی کوردستان هەروەها دەڵێت، "ئێمە یارمەتیی سەربازانی عێراقمان داوە کە لە شەڕ ڕایانکردبوو و، بۆ شوێنەکانی خۆیانمان گەڕاندوونەتەوە."
نێچیرڤان بارزانی هاوکات ڕایگەیاند، "هەموو ئەو کردەیەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویدا، سەرکۆنە دەکەین و ئەوەیشی کە بەرانبەر بە کۆنسووڵخانەی تورکیا ئەنجام دراوە و دەستبەسەرکردنی دیپلۆماتەکانیشی لە لایەم داعشەوە شەرمەزار دەکەین."
لەبارەی داوای تورکیایش بۆ هاووڵاتیانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان گوتی، تورکیا ئەو داوایەی کە لە بازرگان و هاووڵاتیانی کردبوو عێراق جێ بهێڵن، ڕاستی کردەوە و دەڵێت کە مەبەستی هەرێمی کوردستان نەبووە، "ئێمەیش لێرەوە کۆمپانیاکانی تورکیا کە لە هەرێمی کوردستانن دڵنیا دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان ئارامە و دەتوانن درێژە بە کارەکانیان ندەن و هیچ ترسێکیان نەبێ."
لای خۆیەوە نوێنەری یونامی لە عێراق، نیکۆڵای میلادینۆف ڕایگەیاند، "چارەسەری قەیرانی ئەمڕۆ لە سێ ڕووەوە دەبێ، یەکەم لایەنی ئاساییش ئەویش بە هاوکاریی جیددی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت، دووەم چارەکردنی ناکۆکییەکانی نێوان پێکهاتەکانی عێراق و پێویستە ئەنجوومەنێک هەبێ بۆ بەدواداچوونی ئەم پرسە، هەروەها پێویستیشە پەرلەمان زوو کۆ ببێتەوە. هاوکات دەبێ دراوسێ و دۆستانی عێراق لە چارەکردنی ئەم قەیرانە هاوکار و بەشدار بن."
