ھۆکاری شەرەکەی پێشمەرگەو ئاسایش لە گەڵ سوپای عێراق
ئێوارەی ئەمرۆ لە شارەدێی جەلەولا، شەرەتەقە لە نێوان ھێزێکی پێشمەرگەو ئاسایش لە گەڵ ھێزەکانی سوپای عێراق "سوات" روویدا.
لەبارەی دواین زانیارییەکانیشەوە، بەرپرسی ناوچەی پارتی لە جەلەولا کامەران حەمەجان بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ پاش ئەوەی چەکدارانی داعش ھێرشیان کردە سەر گوندی تبج و کۆنترڵیان کرد و ھێزەکانی سوپای عێراقیان لە ناوچەکە دەرکرد، بەمەبەستی رێگەگرتن لە چەکدارەکان بۆ ھاتنە ناوەوەی شارەدێی جەلەولا، ھێزێکی پێشمەرگە و ھەروەھا ئاسایش لە سەر پردی جەلەولا بنکەیەکیان دامەزراند، پاشان ھێزەکانی سواتی سەر بەسوپای عێراق گەیشتنەسەر پردەکەو راستەخۆ دەستیان بەدەستدرێژی گووللە کرد و لەبەرامبەریشدا پێشمەرگەو ئاسایش وەلامیان دایەوە و تەقەیەکی زۆریان لە ھێزەکانی سوات کرد.
کامەران کە خۆی لە ناو شارەکەبووە، وتیشی، خۆشبەختانە لە ئاکامی ئە شەرەتەقەیە ھیچ زیانێک نەکەوتۆتەوە و ھەر زوو شەرەکە کۆتایی پێکھاتووە و دواتر ھێزەکانی سوات رایانگەیاند کە پێیان ناخۆشە ئەوان لەسەر پردەکەن و باسیشیان لەوەکردووە کە ھەڵە تێگەیشتنێک ھەبووە بۆیە تەقەیان کردووە.
وتیشی، ھێزەکانی پێشمەرگەو ئاسایش لە جەلەولا لە ئامادەباشیدان.
PNA
