هێزی پێشمەرگە كۆنتڕۆڵی سەرجەم ناوچە دابڕێنراوەكانی مووسڵی كرد

 هێزی پێشمەرگە كۆنتڕۆڵی سەرجەم ناوچە دابڕێنراوەكانی مووسڵی كرد
فەرماندەی هێزی سپیلك دەڵێت، چەكدارانی داعشیان لە ناوچە دابڕێنراوەكان وەدەر ناوە. ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە خەڵك بە ئارامی ژیانی ئاساییان دەست پێ كردووەتەوە.

فەرماندەی فەرماندەیی سپیلك عەمید عەبدولڕەحمان كەوینی، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی: "لە سەعات 9ـی شەوەوە بۆ 10، داعش لە هێڵی هێرشبردندا بوو، بەڵام دواتر هێزی پێشمەرگە پەلاماریان دا و بەرەو سنووری سووریا ڕایان كرد، ئەو ناوچانەیش كە لە بەردەستیان بوو، سەرجەمیان چۆڵ كردن و ئێمە شوێنمان گرتنەوە".

گوتیشی: "شوێنی هێزەكانی ئێمە لە فیشخاپوورەوە دەست پێ دەكات هەتا دێتە (ڕەبیعە) و دواتر 70 كیلۆمەتر بەرەو ئاراستەی ڕومادی لە ڕۆژهەڵاتیشییەوە دێتەوە بەرەو شەنگال و مووسڵ، ئەو بازگەیەی ئێمەی لێین كۆتا هێڵە و بەرەو سووریا دەڕوات، بەشێكیشی بەرەو پارێزگای ئەنبار دەڕوات".

لەبارەی چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ ناو شاری مووسڵ، فەرماندەی هێزی سپیلك ئەوەی خستە ڕوو كە تا ئێستا هیچ زانیاری و ڕێنماییەك لەو بارەیەوە نەدراوە، چونكە هێزی پێشمەرگە نابێتە بەشێك لەو شەڕە، بەڵام سەرجەم ناوچەكانی ماددەی 140 لە پارێزگای مووسڵ لە داعش پاك كراونەتەوە و ئێستا لە ژێر دەستی هێزی پێشمەرگەدان. گوتیشی: "خەڵك لەو شوێنانە گەڕاونەتەوە سەر كاری خۆیان و ژیان ئارامە و شارەوانی دەستی بە خاوێنكردنەوەی شوێنەكانی شەڕ كردووە".
Top