قەرەتەپە.. بەهۆی بونی پێشمەرگە، چەكدارانی داعش ناتوانن هیچ جوڵەیەك بكەن
شەوی رابردوو لە گوندی خەڵاوییەی سەر بە شارەدێی قەرەتەپە ژمارەیەك چەكداری داعش كۆبوونەوە و پێشبینی دەكرا هێرش بكەنە سەر شارەدێیەكە، بۆ ئەو مەبەستەش بە پەلە هێزی پێشمەرگە بەرەو ناو شارەدێی قەرەتەپە جوڵەی پێكرا.
لە بارەی دوا زانیارییەكانی ئەو ناوچەیەوە، سەرچاوەیەكی ئەمنی بەرپرس بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ ئەو چەكدارانەی داعش لەبەر بوونی هێزەكانی پێشمەرگە لە سنوورەكە نەیانتوانیوە هیچ چالاكی و هێرش و پەلامارێكی تیرۆریستی ئەنجامبدەن.
وتیشی، چەكدارەكان لەو گوندە و گوندەكانی دیكە كە تەواوی دانیشتوانەكەیان عەرەبن و كەسوكاری خۆیانن، كۆبوونەتەوە و چەندین جۆر چەكیان پێیەو لە خۆئامادەكردندان، بەڵام لەبەر بوونی هێزی پێشمەرگە، ناتوانن هیچ جوڵەیەك بەرەو قەرەتەپە بكەن.
وتیشی، بەهۆی خراپی ڕەوشەكەوە ژمارەیەك خێزان لە سنوورەكە كۆچیان كردووە.
شەوی رابردوو، پاش ئەوەی زانیاری بە هێزەكانی پێشمەرگە گەیشت سەبارەت بە كۆبوونەوەی ژمارەیەك چەكداری داعش لە گوندی خەڵاویەی نزیك قەرەتەپە، دەستبەجێ هێزێكی پێشمەرگەی كوردستان بەرەو ناو شارەدێیەكە جوڵەی پێكرا. بە وتەی سەرچاوەیەكیش ئەو چەكدارانە تەنها یەك رەبایەی هێزەكانی سوپای عێراق لە پێشیاندایە و ئەگەر لەو رەبایە بپەڕنەوە ئەوا راستەوخۆ دەتوانن بێنە ناو قەرەتەپەوە، هەربۆیە بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان راستەوخۆ هێزێكی پێشمەرگە لە ناو شارەدێیەكە جێگیركرا.
