كارگەی غاز: پێشمەرگە پارێزگاری لە غازی كەركوك دەكەن
بەختیارعەبدوڵا پشدەری بەڕێوەبەری كارگەی غازی هەولێر رایگەیاند: لە گەڵ ئەو بارودۆخە ئەمنیەی هەیە، بەڵام بەشە غازی هاتووی كوردستان لە كەركوك زیادی كردبێت كەمی نەكردوە، گوتیشی لە بەر ئەوەی ئێستا لە موسڵ غاز نیە، بۆیە خواست لە سەر غاز زیادی كردوە ، ئێمەش بەرهەممان زیادی كردوە و هیچ كێشەیەكمان نیە و نرخی غاز وەكو خۆیەتی.
رۆژانە 200 تەن غاز لە كەركوكەوە بۆ هەولێر دێت.بەختیارعەبدوڵا پشدەری ئاماژەی بەوەشدا بەرهەمی خۆیان زیاتر كردوە و غازیش بۆ ناوچەكانی موسڵ دەنێردرێت و ئێمە كارمان زیاتر بووە و بەرهەمیشمان زیاد كردوە، چونكە لە موسڵ كێشەی غاز هەیە، بۆیە بە خۆشی بێت یان ناخۆشی غازی هەولێر بۆ ئەو ناوچانەش دەروات.
بەڕێوەبەری كارگەی غازی هەولێر هێمای بۆ ئەوە كرد بەشە غازی كوردستان لە كەركوكەوە دێت و پەیوەندی بە بێجی نیە.
گوتیشی: ئەو ناوچەیەی لە كەركوك غازی لێ بار دەكرێت، لە كەركوكە، ئەگەر پێشمەرگە نەچوبوایە، ئەوە كێشەی غاز دروست دەبوو، بەڵام ئێستا پێشمەرگە لەوێدان و پارێزگاری لێ دەكەن.
پێشمەرگە بۆ پاراستنی لە هێرشی چەكدارانی داعش لە دەوروبەری ناوچەی غازی باكور، لە سەر رێگای كەركوك بەغدا نیشتەجێ كراون.
بەختیارپشدەری، گوتیشی: جگە لەوەی كێشەی غازمان نیە، كێشەی سوتەمنیش لە كوردستان نیە، چونكە سوتەمەنی لە كوردستان بەرهەم دەهێندرێت بە تایبەت بە نزین.
