داعش چووە نێو "بێجی"-یشەوە.. گەورەترین پاڵاوتەی نەوتی عێراقی لێیە

 داعش چووە نێو
سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقی، ئەمڕۆ چوارشەممە رایانگەیاند کە، چەکدارە توندڕۆکانی داعش کە هەمان بەرنامەی ڕێکخراوی قاعیدەیان هەیە، چوونەتە نێو شاری بێجییەوە کە خاوەن گەورەترین پاڵاوتەی نەوتی عێراقە و دادگا و بنکەی پۆلیسیشیان سووتاندوون.

ئەو گرووپە چەکدارە کە بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام خۆی ناساندووە، دوێنێ سێشەممەیش تەواوی شاری مووسڵیان داگیر کرد.

سەرچاوەکان دەڵێن، نزیکەی 250 پاسەوانی پاڵاوتەی نەوتی بێجی، پاش ئەوەی لە لایەن سەرۆکهۆزەکانی ناوچەکەوە ئاگادار دەکرێنەوە کە داعش نایانکوژێت ئەگەر بێت و شوێنی خۆیان جێ بهێڵن، ئەوانیش بە داواکە ڕازی دەبن و پاڵاوتەکە رادەستی چەکدارانی داعش دەکەن.

بە گوتەی چەند هاوولاتییەکی شاری بێجی، داعش پۆلیسی شارەکەیشی ئاگادار کردووەتەوە لە بەرەوڕووبوونەوەیان، جاسم قەیس هاوولاتییەکی بێجییە و بۆ ڕۆیتەرزی ئاشکرا کردووە کە، دوێنێ بەرلە ڕۆژئاوابوون، چەکداران لە ڕێی تەلەفۆنەوە پێوەندییان بە سەرۆکهۆزەکانی بێجییەوە کردووە و پێیان گوتوون: "ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی بمرین یان دەست بەسەر بێجیدا بگرین، بۆیە ئامۆژگاریتان دەکەین تا داوا لە ڕۆڵەکانتان لە سوپا و پۆلیس بکەن، چەکەکانیان دابنێن و پاش ڕۆژئاوابوون، پاشەکشە بکەن."

پاش ئەم ئاگادارکردنەوەیە، داعش بە 60 ئۆتۆمبێلەوە دەچێتە نێو بێجییەوە و تەواوی بەندکراوانی شارەکەیش ئازاد دەکەن.

بێجی خاوەنی گەورەترین پاڵاوتەی نەوتە لا عێراقدا کە بێجگە لە هەرێمی کوردستان کە خاوەنی پاڵاوتەی خۆیەتی، بەرهەمەکانی بەسەر زۆربەی پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا دابەش دەکرێت.
Top