29 برینداری شەڕی داعش لە دهۆک چارەسەر دەکرێن

 29 برینداری شەڕی داعش لە دهۆک چارەسەر دەکرێن
جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی پارێزگای دهۆک دەڵێت، بە هۆی ڕووداوەکانی مووسڵەوە، 29 کەس کە لە شەڕدا لەگەڵ داعش بریندار بوون گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکەیان و چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت.



د. عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د بەkdp.info –ی گوت، 27برینداریان کە عەرەبن و ژمارەیەکیان سەربازی سوپای عێراقن و هەندێکیشیان هاووڵاتیی مەدەنین، دووانیشیان پێشمەرگەن لە هێزی زێرەڤانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

د. عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د دەربارەی برینی بریندارەکانیشەوە گوتی، برینەکان بە گولەی تفەنگ و هیی هەندێکیشیان بە هۆی تەقینەوەکانەوە بریندار بوون. زیاتر گوتی، هەندێکی بریندارەکان جارەسەریی پێویستیان بۆ کراوە و ژمارەیەکیشیان ڕەوانەی جێی تایبەت کراون.

جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی پارێزگای دهۆک هاوکات گوتی کە ئەوان تیمی پزیشکیی گەڕۆکیشیان پێک هێناون و لە دەروازەکانی دهۆکن و هەرکەسێکیش پێویستی بە ئەمبۆڵانس هەبێت تا نەخۆشەکانیانی پێ بگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە ئەوا هاوکاریی دەکرێن.

ئەو هەروەها دەڵێت، نەخۆشخانەکەیان بە کۆی پزیشک و پەرستارانییەوە لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ هەر ڕووداوێکی لەناکاو و قوربانیانی پارێزگای مووسڵ.
Top