پێشمەرگە فڕۆكەخانەی موسڵ و حوڕییەی سەربازیی لە كەركووك گرتەدەست
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە كەركووك رایگەیاند، كە هێزەكانی سوپای عێراق فڕۆكەخانەی حوڕییەی سەربازی كەركووكیان چۆڵكردووەو هەڵاتوون، هێزی پێشمەرگەش دەستبەجێ فڕۆكەخانەكەی كۆنترۆڵكردووە.
لەشاری موسڵیش سوپای عێراق فڕۆكەخانەی مەدەنی ئەو شارەی جێهێشتووەو بەهەمانشێوە هێزەكانی پێشمەرگە لەشوێنی ئەوان كۆنترۆڵیان كردووە.
هەر ئەمڕۆ هێزەكانی پێشمەرگە چوونە ناحییەی كەیوان و لەوێ بڵاوەیان كرد، ئەوەش دوای ئەوەی فیرقەی 12 و هێزەكانی دیجلە ئەو شوێنەیان جێهێشتووە.
لە ناوچە دابڕێنراوەكان و لەو شوێنانەی سوپای عێراق بەهۆی هێرشەكانی داعش دەكشێتەوە، پێشمەرگە دەچێتە شوێنی و بۆشایی ئەمنی پڕدەكاتەوە، بەگوتەی بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگەش ئەو پلانەی پێشمەرگە بۆ ئەوەیە ، كە داعش شوێنی سوپا نەگرێتەوە.
رووداو
