پێشمەرگە سنووری نێوان سلێمان بەگ و دوزخورماتوو كۆنترۆڵ دەكات

پێشمەرگە سنووری نێوان سلێمان بەگ و دوزخورماتوو كۆنترۆڵ دەكات
پاش ئەوەی شارەدێی سلێمان بەگ لە لایەن چەكدارانی داعشەوە كۆنترۆڵ كرا، بە مەبەستی رێگەگرتن لە پەلامارەكانیان بەرەو دووزخورماتوو، هێزێكی زۆری پێشمەرگەی كوردستان لە سنوری نێوان سلێمان بەگ – دووزخورماتوو بڵاوەیان پێكراوەو بە وتەی سەرچاوەیەك شارۆچكەی دووزخورماتوو بەهۆی هێزی پێشمەرگەوە هیچ مەترسییەكى لە سەر نییە.





شەوی رابردوو چەكدارانی داعش شارەدێی سلێمان بەگی سەر بە شارۆچكەی دووزخورماتویان داگیر كرد. لە ئێستاشدا مەترسی هەیە لەو شارەدێیەوە بەرەو ناوچەكانی دیكە و بە تایبەتی شارۆچكەی دووزخورماتوو هەنگاو بنێن.

لەبارەی دواین زانیارییەكانیشەوە بەرێوەبەری ئاسایشی دووزخورماتوو رائید فاروق ئەحمەد تایبەت بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ بۆ رێگەگرتن لە چەكدارانی داعش و هاتنیان بەرەو شارۆچكەی دووزخورماتوو، هێزێكی پێشمەرگەی كوردستان بەنزیكەی یەك كیلۆمەتر لە سلێمان بەگەوە جێگیركراون و بە شێوەیەكی زۆر باش كۆنترۆڵی ناوچەكەیان كردووە بە تایبەت سنووری نیوان سلێمان بەگ بۆ دووزخورماتوو.



فاروق ئەحمەد وتیشی، هاوكات هێزێكی دیكەی پێشمەرگە و چوار فەوجی پۆلیسی نەوت و گاز و فریاكەوتنی حكوومەتی هەرێم لە گەڵ هێزە كوردە جیابووەكەی لیوای 16، لە ناو دووزخورماتوو دەوروبەری جێگیركراون و بەهۆی ئەم هێزە كوردییانەشەوە ناوچەكە ئارامییەكی باشی بەخۆیەوە بینیوە و هیچ مەترسییەك لە سەر شارۆچكەكە نییە.
Top