پێشمەرگە بەنداوی موسڵ كۆنترۆڵدەكاتەوە

 پێشمەرگە بەنداوی موسڵ كۆنترۆڵدەكاتەوە
سەرچاوەیەك لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە موسڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، كە بەنداوی موسڵ لەسەر زێی گەورە كەوتووەتەوە ژێر كۆنترۆڵی پێشمەرگە.

عەقید ئەمیر كێشكەیی، فەرماندەی فەوجی زێرەڤانی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، كە ئەوان لە بەرەكانی پێشەوەی شاری موسڵن ‌و ئێستا بەنداوی موسڵ بە تەواوی لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە كۆنترۆڵكراوە، "ئێستا ئێمە لە بازگەی فاو راوەستاوین و چاوەڕێی فەرمانەكانی سەرووی خۆمان دەكەین بۆ ئەوەی بمێنینەوە یان پێشڕەوی بكەین".

ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە گوتیشی: فەوجی سێی سوپای عێراقیش بە كەلوپەلی سەربازی و چەك و جبەخانە و ئۆتۆمبێلەوە خۆیان رادەستی هێزی پێشمەرگە كرد‌ووە و سەربازگەكەشیان داوەتە هێزی پێشمەرگە، بەشێكی زۆری كەلوپەلەكانیش بەر شاڵاوی تاڵان كەوتوون.

عەقید ئەمیر ئەوەشی روونكردەوە كە فەرماندەی فەوجی سێی سوپای عێراقی كەسێك بووە بە ناوی (مەهدی عەلی عەباس) لەگەڵ سەرجەم سەربازەكانی جلی مەدەنییان لەبەركرد‌ووە‌و سەربازگەكەیان چۆڵكردو‌وە "كاتێك ئێمە گەیشتین ئەوان هاتنە لامان گوتیان لەلایەن سەرووی خۆمانەوە ئاگاداركراوینەتەوە كە بكشێینەوە‌و ناتوانین بەرگریی لە هێرشەكانی داعش بكەین".

ئەو فەرماندەیەی زێرەڤانی گوتیشی "زۆربەی سەربازە عێراقییەكان بە جلوبەرگی مەدەنی و بەبێ‌ چەك بەرەو شاری دهۆك رۆیشتوون".











رووداو
Top