ده‌قی وتاری نێچیرڤان بارزانی له ڕێوڕه‌سمی خولی (28) ی ده‌رچوونى قوتابیانی زانکۆی سلێمانی
به‌ڕێزان،
یه‌ك دوو نه‌وه پێش ئێمه، كه‌سوكارمان خه‌ونیان ده‌بینی بتوانن خوێندنی سه‌ره‌تایی خۆیان ته‌واو بكه‌ن، به‌شێكی كه‌م ده‌گه‌یشتنه پله‌ی خوێندنی كۆلیژ و زانكۆ، له‌و سه‌رده‌مدا ده‌بووایه بچنه شار و دوور له زێدی خۆیان، زۆر كه‌س له ژیاندا هه‌لی خۆێندنیان بۆ نه‌ڕه‌خسا، ژماره‌یه‌كی دیاری كه‌سوكارمان ژیانیان ته‌رخان كرد بۆ دابینكردن و پاراستنی مافی خه‌ڵكی كوردستان له ڕێی خه‌باتی سیاسیی و پێشمه‌رگایه‌تیدا.
له ماوه‌ی ده ساڵی ڕابردوودا نه‌وه‌ی ئێستا توانیویه‌تی خۆشی له به‌رهه‌می ڕه‌نجی نه‌وه‌كانی پێشوو ببینێت، ئێمه ئێستا له كوردستان بڕیار له‌سه‌ر گه‌لێك لایه‌نی ژیانی خۆمان ده‌ده‌ین، وه‌ك له بواری سیاسی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئاساییش و په‌روه‌رده‌دا.
خوێندنی باڵا وه‌ك چه‌ند بوارێكی دیكه‌ی كوردستان، گۆڕانكاريی سه‌رتاسه‌ری و خێرای به‌سه‌ردا هاتووه، ژماره‌ی خوێندكار و زانكۆ به‌رده‌وام له زیادبووندایه، ئه‌مڕۆ پرسیاری سه‌ره‌كی بۆ حكوومه‌ت ده‌بێت زۆر ئاسان بێت: خوێندنی باڵا تا چ ئاستێك ده‌توانێت ببێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ژیانی خه‌ڵك له‌م وڵاته‌دا؟
به‌ڕێوه‌بردنی ژیانی خه‌ڵك واته ڕانمایی و سه‌ركردایه‌تیی ڕاست و ڕه‌وان، واته به‌رپرسیاری له ئایینده‌ی ووڵات، واته پێشبینیی گرفت و پێداویستیی كۆمه‌ڵگه، واته دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری گونجاو له‌و بوارانه‌ی كه دێته سه‌ر ڕێگه‌مان، واته هاوكاری، هه‌ماهه‌نگی و پێكه‌وه‌ژیان، واته سنگفراوانی و لێبوورده‌یی.
ئه‌م جۆره به‌رپرسییه به‌په‌له دروست ناكرێت، چونكه پێگه‌یاندنی كادر و كارمه‌ندی ئایینده به شه‌و و ڕۆژێك ئاماده نابن، ده‌زگای په‌روه‌رده و خۆێندنی باڵا ده‌بێت چه‌ندها ساڵ به‌رده‌وام كار بكات تا نه‌وه‌ی نوێ ئاماده بكات بۆ شێوازی به‌رپرسی و به‌ڕێوه‌به‌ردنی گونجاو له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می ئێستاماندا.
له‌م قۆناغه ناسكه‌ی كوردستانی پێدا تێده‌په‌ڕێت، ده‌بێت ئێمه هه‌موومان هه‌ست به به‌رپرسیارێتی بكه‌ن به‌رامبه‌ر ئایینده‌ی ووڵات و خه‌ڵكه‌كه‌مان، نابێت ڕێ به خۆمان بده‌ین گه‌مه‌ی سیاسی بكه‌ینه به‌ردی بناغه‌ی گشت ههڵسوكهوتێكمان بۆ له به‌رچاوخستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی ده - پانزه ساڵی ڕابردووی ئه‌م وڵاته كه زۆر زه‌حمه‌تیان بۆ كێشاوه و خه‌باتیان بۆ كراوه هه‌تا به‌دی هاتووه، نابێت ڕێ به خۆمان بده‌ین گه‌له‌كه‌مان چه‌واشه بكه‌ین له‌به‌ر خاتری هه‌ندێك ده‌ستكه‌وتی سیاسیی كورتخایه‌ن.
ئه‌و هه‌له‌ی ئێستا بۆ ئێوه ڕه‌خساوه هیچ كاتێك بۆ من نه‌ڕه‌خسابوو، من ئێستاش حه‌ز ده‌كه‌م یه‌كێك بم له‌و كه‌سانه‌ی كاتیان هه‌یه، تا به خواستی خۆیان خوێندن ته‌واو بكه‌ن و بگه‌نه ئامانج. منیش وه‌ك ئێوه هه‌ر له منداڵییه‌وه خه‌ونم به‌وه ده‌بینی كه چۆن خوێندن ته‌واو بكه‌م، ئێوه ده‌بێ به‌رده‌وام بن له‌م جۆره خه‌ونانه، چونكه كوردستان كاتێك ئاسووده و ئارام ده‌بێت كه ئێمه به‌وپه‌ڕی توانا و شاره‌زاییه‌وه خزمه‌تی ووڵاتی خۆمان بكه‌ین. من پێموایه كاتی ئه‌وه هاتبێت كه بیروبۆچوونی نوێ ده‌رباره‌ی خوێندن له زانكۆ و كۆلێژهكانماندا بكه‌ینه سه‌ره‌تایه‌كی نوێ بۆ دروستكردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سه‌رده‌ميانه.
ده‌بێت نه‌وه‌ی پێگه‌یشتووی نوێ فێرمان بكه‌ن، چۆن بتوانین خۆمان بپارێزین له ناكۆكییه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای لێكتێنه‌گه‌یشتن و ترس دروست بووبێت، له ڕێی خوێندن و زانستی نوێوه یارمه‌تیی گشت لایه‌كمان بده‌ن بیروبۆچوونی خۆمان ڕوون بكه‌ینه‌وه بۆ یه‌كتر، ڕێ بۆ خه‌ڵك خۆش بكه‌ین لێبوورده‌یی و سنگفراوانی بكه‌نه به‌شێك له ژیانی ڕۆژانه‌یاندا.
نه‌وه‌ی نوێمان ده‌توانن یارمه‌تیی كومه‌ڵگه‌كه‌مان بده‌ن، چۆن ناكۆكیی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئابووری و ئایدۆلۆژی ده‌ستنیشان بكه‌ین، هه‌وڵ بده‌ن به شێوه‌یه‌كی زانستی و له ڕێی به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆژیای نوێ؛ ڕێگه‌چاره‌ی جیاواز و بنیادنه‌ر بدۆزنه‌وه، ده‌توانن ڕێنیشانده‌ر بن بۆ دیاریكردنی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش، تا ناكۆكی كه‌م ببێته‌وه.
من هیچ گومانم له‌و ڕاستییه نییه كه نه‌وه‌ی نوێی كوردستان ده‌توانێت له گه‌مه‌ی ده‌سه‌ڵات هۆشیارمان بكاته‌وه، تا ناكۆكیی لایه‌نه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و ئایدیۆلۆژیه‌كانی كورستان به‌ره‌و هه‌ڵدێرێكی سه‌خت نه‌مانبه‌ن. به‌شداربوونی نه‌وه‌ی نوێ به شێوه‌یه‌كی بنیادنه‌رانه له میدیا و لێكۆڵینه‌وه‌دا ده‌بێته ڕێخۆشكه‌ر بۆ پێكه‌وه‌ژیان، ئێوه ده‌توانن ببنه نموونه‌ی زیندووی یه‌كتر په‌سه‌ندكردن، نه‌هێشتنی سنووری كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئابووری و ئایدیۆلۆژی له‌ناو خه‌ڵكی كوردستاندا.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌ر حكوومه‌تێكی دیكه، په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا وه‌ك وه‌ربه‌رهێنان ده‌بینێت، به‌كارهێنانی سه‌رچاوه‌یه‌كی مالیی گه‌وره بۆ دابینكردنی ئایینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ خه‌ڵكی ئه‌م ووڵاته؛ ئه‌ركی سه‌ره‌كیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، هه‌موو لایه‌ك به‌رپرسن له چۆنیه‌تیی به‌كارهێنانی ئه‌و سهرمایهيه.
ده‌بێت وه‌زیر، فه‌رمانبه‌ر، كارمه‌ند، مامۆستا، پسپۆڕ، پڕۆفیسۆر، قوتابی و خوێندكار خۆیان به به‌رپرس بزانن به‌رامبه‌ر ئه‌و وه‌به‌رهێنانه، ئه‌و وه‌به‌رهێنانه نیشتمانییه‌ی كه زۆر زه‌حمه‌تی بۆ ده‌كێشرێ هه‌تا ده‌گاته ده‌ست و جێبه‌جێ ده‌بێت. ده‌بێت هه‌موو پێكه‌وه هه‌وڵ بده‌ین نه كات و نه پاره‌ی سه‌رفكراو له‌و بواره گرنگه‌دا به‌فیڕۆ نه‌چێت. من دڵنیام له‌وه‌ی هه‌ر یه‌كێك له ئێوه ئه‌وپه‌ڕی توانای خۆی به‌كار ده‌هێنێت بۆ سه‌رخستنی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا.
له هه‌مان كاتدا ده‌بێت ئه‌و ڕاستییه له‌بیر نه‌كه‌ین كه كوردستان به‌ره‌و گهشكردنێكی زۆر جیاوازتر له جاران ده‌چێت، قۆناغی ئێستا و ئایینده‌مان كاديری زانستی، ته‌كنیكی و بیرۆكراتی جیاواز له جارانی پێویسته. نه‌وه‌ی نوێ پێویسته به دید و بۆچوونێكی نوێ ڕووبه‌ڕووی داواكاریی ئێستامان ببێته‌وه، نه‌ك به بیر و هه‌ڵسوكه‌وتێك ببێته ڕێگر له گۆڕانكاریی ئیجابیی كۆمه‌ڵگاماندا. له بری هێرش و هه‌ڕه‌شه و چاولێكسووركردنهوه، ئێمه چاوه‌ڕوانین ئه‌و نه‌وه نوێیانه‌ی له‌م زانكۆ نوێیانه‌دا په‌روه‌رده ده‌كرێن؛ به‌شێك بن له دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌ی گونجاو بۆ گرفتی ڕۆژانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌مان.
ڕاستییه‌كی ئاشكرای ژیان ئه‌وه‌یه هیچ كه‌س له ئێمه هه‌تاهه‌تایه لێره نابێت، ڕۆژێك دێت ده‌بێت كار و سه‌رمایه و به‌رپرسایه‌تی بدرێته نه‌وه‌ی نوێ. بێگومان ئه‌گه‌ر ئێمه هه‌موومان به هه‌مان ئاراسته‌دا كار بكه‌ين و بۆ هه‌مان مه‌به‌ستی گشتی، ئه‌مڕۆ هه‌نگاوێكی دیكه ده‌نێین به‌ره‌و ئایینده‌یه‌كی گه‌شتر. به‌ره‌و ئه‌و ئاینده‌یه هه‌نگاو ده‌نێین كه گه‌شتر بێ و ووڵاته‌كه‌مان به‌ره‌و پێشكه‌وتنی زیاتر ببات.
ئه‌م ئێواره‌یه (4315) گه‌نجی كچ و كوڕی ئه‌م ووڵاته له هه‌شت فاكه‌ڵتی و 25 سكووڵ و 2 كۆلێژ له 80 به‌شی جیاجیادا خوێندنی زانكۆیی ته‌واو ده‌كه‌ن و ده‌بنه سامانێكی گه‌وره‌ی ئه‌م ووڵاته‌مان. من لێره‌وه به گه‌رمی پیرۆزبایی له یه‌كه یه‌كه‌ی ئێوه‌ی خۆشه‌ویست ده‌كه‌م و هیوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم له ژیان. هیوادارم هه‌میشه سه‌ركه‌وتوو بن، هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێ سوپاس و ده‌ستخۆشی ئاراسته‌ی مامۆستایانی خۆشه‌ویستی ئێوه بكه‌م كه له‌م ماوه‌یه‌دا هه‌موویان له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا ماندوو بوون بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆژه خۆشه ببینین. هه‌مووتان به‌خێربێن و به هیوای خۆشی و سه‌ركه‌وتن و سه‌رفرازی بۆ هه‌موو لایه‌كتان.
زۆر سوپاس.
