پەرلەمانی كۆریای باشوور جینوسایدی گەلی كوردستانی ناساند

پەرلەمانی كۆریای باشوور جینوسایدی گەلی كوردستانی ناساند
27 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- باڵیۆزی كۆریای باشوور لە هەرێمی كوردستان، هیون میونغ كیم، ڕایگەیاند، پەرلەمانی وڵاتەکەی جینۆسایدی گەلی کوردی بە فەرمی ناساند و داوایش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، هەنگاو بنێن بۆئەوەی جارێكی تر ئەم تاوانانەی بەرانبەر كورد کراون دووبارە نەبنەوە.

ئەم لێدوانەی کۆنسووڵی کۆریای باشوور، بەرلەنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە میانەی کۆبوونەوەیدا بوو لەگەڵ وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حکوومەتی هەرێم، وەزیری ئارام ئەحمەد بوو.

لە دیدارێكدا باڵیۆزی كوریا باشوور لە هەرێمی كوردستان دوای ئەوەی ئامانجی سەردانەكەی روون كردەوە رایگەیاند، پاش ئەوەی وەفدی پەرلەمانی كۆریا بەشداری لە یادی 25 ساڵەی جینوسایدی گەڵی كوردستاندا كرد لە بەهاری ئەمساڵ، بە هۆی كاریگەریی ئەو مەرگەساتەی كە بەسەر كورددا هاتووە لە رابردوودا، پەرلەمانی كۆریای باشوور وێرای دەربرینی هاوخەمی لەگەڵ گەلی كوردستان لە رۆژی 25/6/2013 ئەو تاوانانەی بەسەر كورددا هاتووە، ناساند و داوای لە كۆمەڵگەی نێودەەوڵەتی كرد كە هەنگاو بنێن بۆئەوەی جارێكی تر ئەم تاوانانەی بەرانبەر كورد کراون، دووبارە نەبنەوە و كار بۆ قەرەبووكردنەوەی قوربانیان بكرێت.

لەلایەن خۆیەوە وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان سوپاسگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كەسوكاری شەهیدان بە حكوومەت و پەرلەمان و گەلی كۆریا راگەیاند و هەنگاوی ناساندنی جینۆسایدی لە پەرلەمانی ئەم وڵاتەی بە هەنگاوێكی گرنگ وەصف كرد بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی كە حكوومەت و وەزارەتی شەهیدان كاری بۆ دەكات.

هەروەك ئەو كار و پرۆژانەی بەرز نرخاند كە تیپی زەیتوونی سەر بە كۆریای باشوور لە دروشمی \"ئێمە دۆستی ئێوەین لە كوردستان\"" ئەنجامی داوە و كاریگەریی ئەرێنی لەسەر پتەوكردنی پەیوەندییەكان هەبوو."
Top