ئازادكردنی ئۆجەلان وەك مەرجێكی سەرەكیی بۆ قۆناغی ئاساییبوونەوە
پرۆسەی ئاشتی كە لە 8 كانوونی دووەمی ئەمساڵ لە نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان و حكوومەتی توركیا دەستی پێكرد، بە چەندین قۆناغ تێپەڕی، هەروەك چەند قۆناغێكی دیكەشی ماوە.
قۆناغی ئاساییبوونەوە كە دوای كشانەوەی گەریلاكان دەست پێدەكات، بریتیە لە هێنانی كادیرانی پەكەكە بۆ ناو پرۆسەی سیاسی، بەڵام بەرپرسانی توركیا تا ئێستا بەهیچ شێوەیەك باسی ئەو قۆناغەیان نەكردووە، ئامادەیی خۆیان بۆ ئەو قۆناغە پێشان نەداوە، بە بڕوای بەشێك لە چاودێران گرنگینەدانی حكوومەتی توركیا بەم قۆناغە ئاستەنگ دەخاتە بەردەم سەركەوتنی پرۆسەكە.
لەبارەی بەردەوامیی پرۆسەكە و قۆناغی دوای كشانەوەی گەریلاكان، گوڵتان كیشاناك هاوسەرۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراتی ڕایدەگەیەنێت كە بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی ئاشتی، دەبێت حكوومەتی توركیا دیموكراتیتر بێت و دەرگا بە ڕووی ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان بۆ چوونیان بۆ نێو پرۆسەی سیاسی لە توركیا بكاتەوە، بە بڕوای كیشاناك ئەگەر حكوومەت ئەو كارە نەكات لە قۆناغی دوای كشانەوەی گەریلاكان، ئەوا پرۆسەكە ڕادەوستێت و سەركەوتوو نابێت، هاوسەرۆكەكەی بەدەپە دیموكراتیبوونی توركیا دەبەستێتەوە بە هێنانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ناو پرۆسەی سیاسی، لە قۆناغی ئاساییبوونەوە،ئەو قۆناغەی كە ڕاستەوخۆ دوای كشانەوەی گەریلاكان دەست پێدەكات و سەرەكیترین مەرجی پەكەكە تێیدا ئازادكرنی ئۆجەلانە.
پێشتریش سەرۆكی كۆنسەی كۆما جڤاكێن كوردستان موراد قەرەیلان ڕایگەیاندبوو كە ئەوان ئازادكردنی ئۆجەلان وەك مەرجێكی سەرەكیی بۆ قۆناغی ئاساییبوونەوە دادەنێن، بە بڕوای قەرەیلان ناكرێت لە قۆناغێك كە قۆناغی ئاساییبوونەوەیە هەموو كەس لە ئاشتی دابن، بەڵام كارەكتەری سەرەكی پرۆسەكە كە ئۆجەلانە لە زیندان بمێنێتەوە.
چاوەڕوان دەكرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەفدێكی دیكە سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بكەن لە ئیمرالی، لەبارەی ئەو سەردانە سیری سورەییا ئۆندەر نوێنەری بەدەپە لە شاری ئیستەبول ڕایدەگەیەنێت كە لە چەند ڕۆژی داهاتوو وەفدێك دەچێتە ئیمرالی، بەڵام ئەو ناوانە دیار نین كە سەردانی ئۆجەلان دەكەن.
ڕۆژانە سیاسەتمەدار و پەرلەمانتارە كوردەكانی باكوور لە بارەی پرۆسەی ئاشتی قسە دەكەن، بەڵام بەرپرسانی توركیا زۆر بە كەمی لە بارەی پرۆسەكە دەدوێن، وەك هەوڵێكیش بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەكە چاوەڕوان دەكرێت ڕۆژی چوارشەممە، سەرۆكوەزیرانی توركیا ڕەجەب تەییب ئەردۆإغان لەگەڵ ئەنجوومەنی ژیرمەندان لەبارەی پرۆسەكە كۆ ببنەوە.
