راگەیێنراوی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان

 راگەیێنراوی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان
ئەمڕۆ، دووشەممە 24/6، ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەسەرپەرشتی هەڤاڵ نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆك و ئامادەبوونی ئەندامانی سەركردایەتی و ئەندامانی یەدەگ و بەرپرسانی لقەكانی پارتیمان كۆبوونەوەیەكی نائاسایی گرێدا.

دوای وەستانی دەقەیەك بۆ رێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدان و سەروەریان بارزانی نەمرو كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو، هەڤاڵ نێچیرڤان بارزانی وێڕای بە خێرهێنانی هەڤاڵانی ئامادەبوو، دەستخۆشی لەو لقانەی كرد كە بەشداریان لە هەڵبژاردنەكانی پارێزگای نەینەوا كرد و، لە ڕێگەیانەوە سوپاسی جەماوەری ئەو دەڤەرانەو ئاوارەكانیانی كرد لە بەشداریكردنیان لەو هەڵبژاردنانە.

كۆبوونەوەكە بەتێروتەسەلی باردۆخی سیاسی و جڤاكی عێراق و كوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لەم هەلومەرجەدا خستیە بەر باس و لێكۆڵینەوەو، گرنگیەكی تایبەتی دا بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن كە بە شیوەیەكی دیموكراسیانەو لە كەشوهەوایەكی ئازادو ئارامدا ئەنجام بدرێ لە پێناو چەسپاندنی پرنسیپی دیموكراسی و فرەلایەنی ویەكتر قبوڵكردن ویەكڕیزیی گەلی كوردستان و پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی.

كۆبوونەوەكە رێوشوێن و میكانیزمی پێویستی دەستنیشان كرد بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی كوردستان بە پێكهێنانی لێژنەی باڵای هەڵبژاردن لەسەر ئاستی ناوەندو پارێزگاو قەزاكاندا. هەروەها كۆبوونەوەكە، نەخشە ڕێگاو بنەماكانی پەیامی پارتیمان بۆ هەڵبژاردن و چۆنیەتی دەستنیشانكردنی پاڵێوراوانی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر چەند بنەمایەكی تەندروست داڕشت كە شایستەی كاری ئایندەی پەڕلەمانی بن تا پەڕلەمانی ئایندەی كوردستان لە هەر كاتێكی تر كاراتر بێ و ڕۆڵی خۆی باشترو كاریگەرانەتر ببینێ لە پڕاكتیزە كردنی دیموكراسیەت لە ناو هۆڵی پەڕلەمان ولە داڕشتنی یاساو چاودێریی چالاكتری حوكمڕانی لە كوردستاندا.

لە كۆتاییدا، كۆبوونەوە، هەر لە ئَێستاوە، داوا لە جەماوەری دڵسۆزی كوردستان دەكات، خۆیان ساز بدەن و بەجۆش وخڕۆشەوە بەشداریی لە هەڵبژاردنەكان بكەن ودەنگ بە نۆینەرانی خۆیان بدەن.

بژی كورد و بژی كوردستان





ئەنجومەنی سەركردایەتی

پارتی دیموكراتی كوردستان

24ی حوزەیرانی2013
Top