ئاسایشی ھەولێر: ھیچ کەسێک لای ئێمە ون نەکراوە
ئەمڕۆ بۆ دەزگا راگەیاندنەکان, بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر تاریق نوری, گوتی: ئەو ھاوڵاتییە ناوی حازم سابیرە و لە ١٨ی ئەم مانگە بە بڕیاری دادوەر بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و پاشان تەلەفۆنی بۆکراوە, ئێستا بە ماددەی سێ لە بڕگەی حەوتی یاسای تیرۆر دەستگیرکراوە و دوای دەستگیرکردنەکەشی ماڵەوەیان ئاگادار کراوەتەوە کە کوڕەکەیان لە ئاسایشی ھەولێر دەستگیرکراوە.
بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر ئەو دەنگۆیانەی رەتکردە کە دەڵێن ئەو ھاوڵاتییە بەبێ ئاگاداری دەستگیرکراوە، و روونیکردەوە کە دوای دەستگیرکردنەکەی وێڕای ماڵەوەیان زاواکەیان بانگھێشتی ئاسایش کراوە و پێی گوتراوە, ئەو ھاوڵاتییە لەلای ئێمە دەستگیرکراوە و لە ئێستاشدا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ئامادەکراوە.
بەڕێوەبەری ئاسایش نەیشاردەوە کە ئەو ھاوڵاتییە دوای ئەوەی بڕیاری دەستگیرکردنی لەلایەن دەدوەرەوە بۆ دەرچووە، تەلەفۆنی بۆکراوە تاوەکو بێتە ئاسایش پاشان لە ئاسایش دەستگیرکراوە.
