سەلاحەدین دەمیرتاش: بە رەسمی دەستمان بە قۆناغی دووەمی چارەسەريی كرد

سەلاحەدین دەمیرتاش: بە رەسمی دەستمان بە قۆناغی دووەمی چارەسەريی كرد
22 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- رۆژی هەینی هاوسەرۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراسی سەلاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند كە یەكەمین دانیشتنی رەسمی بەدەپە و حكوومەتی توركیا بۆ گفتوگۆكردن لە سەر چۆنیەتی چارەسەركردنی پرسی كورد رۆژی هەینی بەرێوەچووە.

لەمبارەیەوە ماڵپەڕی روتا خەبەر بڵاویكردۆتەوە كە هاوسەرۆكی بەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش دوای دیداری وەفدی بەدەپە لە گەڵ حكوومەتی توركیادا رایگەیاندووە كە بۆ یەكەمینجار وەفدی بەدەپە و حكوومەتی توركیا بە رەسمی كۆ بوونەتەوە و دەستیان بە گفتوگۆی رەسمی بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد كردووە.

دەمیرتاش ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەمە یەكەمین دیداری رەسمی بەدەپە و حكوومەتی توركیا بووە و هاوكات سەرەتای دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی چارەسەركردنی پرسی كوردە و بڕیارە هەفتەی داهاتوویش جارێكی دیكە وەفدی بەدەپە و حكوومەتی توركیا دووبارە كۆ ببنەوە و سەبارەت بە چۆنیەتی جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی قۆناغی دووەم دەست بە گفتوگۆ بكەن.

ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە كردۆتەوە كە دوای گەڕانەوەی وەفدی هەفتەمی بەدەپە لە ئیمراڵی، دانیشتنێكی دیكە لە نێوان حكوومەتی و بەدەپەدا ساز دەكرێت و دواتر حكوومەت ناوەرۆكی ئەم دانیشتنە پێشكەشی رای گشتی توركیا دەكات.
Top