پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی پەڕینەوەی بارزانی نەمر و هەڤاڵانی لە رووباری ئاراس

پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی پەڕینەوەی بارزانی نەمر و هەڤاڵانی لە رووباری ئاراس
١٨ی حوزەیران/ یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- هەر دوو ڕووداوی مێژوویی پەڕینەوەی بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی لە ڕووباری ئاراس و لەسێدارەدانی چوار ئەفسەرە قارەمانەكەی كۆماری كوردستان بە دەستی ڕژێمی پاشایەتیی عێراق لێوانلێون لە وانەی بڕوابەخۆبوون و خۆبەدەستەوەنەدانی گەلی كوردستان لەبەرانبەر زوڵم و داگیركاریدا. بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی لە شەڕ و بەرخودانێكی بێوێنەدا سەروەرییەكی گەورەیان تۆمار كرد و، خۆیان نەدایە دەستی داگیركار و لە هەژدەی شەشی ساڵی هەزار و نۆسەد و چل و حەفت دا لە ڕووباری ئاراس پەڕینەوە. دوای ئەوە لە ڕۆژی نۆزدەی شەشی ساڵی هەزار و نۆسەد و چل و حەفت دا دوژمن چوار ئەفسەرە سەربەرزەكەی كۆماری كوردستانی لەسێدارە دا و شەهیدی كردن. دوژمن وای زانی بە لەسێدارەدان و ئاوارەیی و دەركردن كۆتایی بە خەباتی گەلی كوردستان هاتووە و ڕۆحی ئازادیخوازی لەو گەلە سەندووە. بەڵام نەیزانی قوربانیدان و نەهامەتی و دەربەدەریی ڕۆڵەكانی گەلی كوردستان هەوێنی بەردەوامبوونی خەباتی ئەو گەلەن. دوژمن نەیدەزانی خۆبەدەستەوەنەدانی بارزانی و هەڤاڵانی و شەهیدبوونی ئەفسەرە قارەمانەكانی كۆمار، ڕەگوڕیشەی داری ئازادی پتەوتر و دواڕۆژی گەلی كوردستان ڕووناك دەكات. لەو دوو یادەدا هەزاران سڵاو بۆ گیانفیدایی بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی دەنێرین كە چركە بە چركەی خەباتیان وانەی بڕوابەخۆبوونن بۆ نەوەكانی داهاتوومان. هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی چوار ئەفسەرە قارەمانەكەی كۆمار كە وەك خۆیان گوتیان پەتی سێدارە ناوی ئەوانی لە بیرەوەریی نەتەوەیەكەیاندا نەخشاند.
Top