سەبارەت بە ئازادكردنی بكوژی هەردوو خوشكەكە "شـــادی و شۆخان"َ ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان بەدواداچوون دەكات

سەبارەت بە ئازادكردنی بكوژی هەردوو خوشكەكە
17 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- خاتوو پەخشان زەنگنە ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لە پەیوەندییەكدا لەگەڵ داواكاری گشتی هەرێم و هەندێك لایەنی پەیوەندیدار بەدواداچوونی كرد سەبارەت بە كێشەی ئازادكردنی بكوژی هەردوو خوشكەكە (شادی و شۆخان فازیڵ) لە چەمچەماڵ، كە كاریگەری نێگەتڤی لەسەر پێگەی دامەزراوەی دادوەری دەبێت لە هەرێمی كوردستاندا.

خاتوو پەخشان زەنگنە لە لێدوانێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: لە كاتێكدا دادگایەكی هەرێم حوكمی لەسێدارەدان دەردەكات لە دژی تاوانبارێك، دادگایەكی تر بڕیاری ئازادكردنی دەردەكات و بڕیاری پێشووتر هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەمەش لەچوارچێوەی یەك دامەزراوەی دادوەریی هەرێم ڕوودەدات، ئەمە خۆی لەخۆیدا جێگەی پرسیارو تێڕوانینە.

پێویستە بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو مەسەلەیە بكرێت، ئەنجومەنی خانمان بەردەوام دەبێت لەسەر وروژاندنی ئەم بابەتە، چونكە ناكرێت كوشتنی ژن لە هەرێمی كوردستان بە تاوان هەژمار نەكرێت و بكوژان بە ئازادی بسوڕێنەوە، وەك كەیسی مامۆستا ساكار و كەیسی ئەم دوو خوشكە \"شۆخان و شادی\""."
Top