لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان: پەیەدە هەموو داهاتی دەرەوازەی خاپوور بۆ خۆی دەبات

لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان: پەیەدە هەموو داهاتی دەرەوازەی خاپوور بۆ خۆی دەبات
لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژاوای کوردستان دەڵێن، پارتیی یەكێتیی دیموكراتی كوردستان (پەیەدە)، دەرەوازەی سنووریی نێوان هەرێم و سووریای ی كردووەتە كارتێكی گوشار بۆ سەر هێزەكانی دیكەی ڕۆژئاوای كوردستان و بە هەموو شێوەیەك لە بەرژەوەندیی خۆی تەحەكومی پێوە دەكات. دەشڵین، پێویستە (پەیەدە) واز لە قۆرخكردنی ئەو سنوورە بهێنێت، چونكە بۆ خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان كراوەتەوە، نەك بۆ بەرژەوەندیی تاكە حیزبێك.

پەیەدە دەستی بەسەر هەموو جومگەكانی ڕۆژئاوای كوردستاندا گرتووە و، تەنیا سەرچاوەی بەستنەوەی ناوچەكەی بە دەرەوە (سنووری خاپوور)ـی قۆرخ كردووە، لە بەرانبەر ئەم كارەدا وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا کە پێرێ شەممە بڵاوی کردەوە، ئاماژەی داوە كە ئەوان ڕێگە نادەن خاڵی‌ سنووریی‌ نێوان هەرێمی‌ كوردستان و ڕۆژئاوای‌ كوردستان بۆ بەرژەوەندیی‌ لایەنێكی‌ دیاریكراو بەكار بهێنرێت، تا پێگەی‌ خۆی پێ بەهێز بكات.

لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستانیش ئاماژە دەدەن كە پێویستە (پەیەدە) واز لە قۆرخكردنی ئەو سنوورە بهێنێت، چونكە ئەو سنوورە بۆ خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان كراوەتەوە، نەك بۆ بەرژەوەندیی تاكە حیزبێك.

مامەڵە \"تاكڕەوی\""ـیەكانی پارتیی یەكێتیی دیموكراتی كوردستان (پەیەدە) بە شێوەیەك نیگەرانیی لای حیزب و لایەنەكانی دیكەی ڕۆژئاوای كوردستان دروست كردووە كە بە هەڕەشەی بۆ سەر داهاتوو و یەكڕیزیی نێو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی دەزانن.

گوتەبێژی دەستەی باڵای كورد، ئەحمەد سلێمان، دەڵێت \""داخستنی ئەو سنوورە كاریگەرییەكی زۆر خراپی دەبێت، چونكە تاكە ڕێگە بوو كە ڕۆژئاوای كوردستانی بە دەرەوە دەبەستەوە و ژیانی ئەو خەڵكەی كە لەوێدا دەژین بە هەرێمی كوردستانەوە گرێ دراوبوو.\""

سلێمان ئاماژەی دا، ئەوان داوایان كردووە كە كۆبوونەوەیەك لە نێوان نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا ڕێك بخرێت، بۆ ئەوەی چارەیەك بۆ ئەو كێشەیە بدۆزرێتەوە.

گوتەبێژەکەی دەستەی باڵای كورد ئاماژەیشی دا کە نابێت ناكۆكییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان لە ڕۆژئاوای كوردستان ببێتە هۆی ڕاگرتنی سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و، پێویستە ئەو كێشانە چارەیێكیان بۆ بدۆزنەوە و خەڵكی سڤیل نەبنە قوربانی ئەو ناكۆكییە سیاسیانە.

ئەندامی ‌ئەنجوومەنی ‌نیشتمانیی ‌كوردیی‌ سووریا لە هەرێمی ‌كوردستان، دكتۆر كاوە ئازیز، ڕایگەیاند \""بەداخەوە پەیەدە ئەو دەروازەیە بۆ بەهێزكردنی خۆی بەكار دێنێت و هەموو داهاتی ئەو دەرەوازەیە بۆ خۆی دەبات.\""

ئازیز دەڵێت \""پەیەدە ئەو دەرەوازەیەی كردووەتە كارتێكی گوشار بۆ سەر هێزەكانی دیكەی ڕۆژئاوای كوردستان و بە هەموو شێوەیەك لە بەرژەوەندیی خۆی تەحەكومی پێوە دەكات.\"""
Top