پرۆسه‌ی‌ نوێكردنه‌وه‌ی‌ تۆماری‌ ده‌نگده‌ران ده‌ستی پێكردەوە

پرۆسه‌ی‌ نوێكردنه‌وه‌ی‌ تۆماری‌ ده‌نگده‌ران ده‌ستی پێكردەوە
15 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- له‌ئه‌مرۆ، شه‌ممه‌وه‌ پرۆسه‌ی‌ تازه‌كردنه‌وه‌ی‌ تۆماری‌ ده‌نگده‌ران ده‌ستپێده‌كات‌و بۆ ماوه‌ی‌ 20 رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت، نوێنه‌ری‌ حیزب‌و لایه‌نه‌سیاسیەكانیش لەبنكەكان دەبن‌و چاودێری‌ وردی‌ پڕۆسەی‌ تۆماركردنی‌ ده‌نگده‌ران دەكەن، ئۆپۆزسیۆنیش بڕیاریداوە لەهیچ خروقاتێك، ئەگەر بكرێت بێدەنگ نەبێت.

به‌رێوه‌به‌ری‌ ئۆفیسی‌ هه‌ولێری‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، هه‌ندرێن حه‌مه‌ ساڵح، تایبه‌ت به‌ئاوێنه‌نیوزی‌ راگه‌یاندوە، له‌مرۆوه‌ پرۆسه‌ی‌ تازه‌كردنه‌وه‌ی‌ تۆماری‌ ده‌نگده‌ران ده‌ستپێده‌كات‌و بۆماوه‌ی‌ 20 رۆژ به‌رده‌وام بێت واته‌ تا رێكه‌وتی‌ 4ی‌ ته‌مموزی‌ داهاتو. ناوبراو وتیشی‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌پارێزگای‌ هه‌ولێر 53 ناوه‌ندو له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌ 79 ناوه‌ندو له‌پارێزگای‌ دهۆكیش 41 ناوه‌ند ئاماده‌كراوه‌.

پێشتر به‌رێوه‌به‌ری‌ ئۆفیسی‌ سلێمانی‌ رێكخراوی‌ فریاكه‌وتنی‌ میللی‌، هیوا تۆفیق، به‌ئاوێنه‌نیوزی‌ راگه‌یاندبو كه‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ گرنگه‌ چاودێریكردنی‌ ئه‌م قۆتاغه‌یه‌، \"واته‌ ئێمه‌ چ رۆڵێكمان هه‌یه‌ له‌م پرۆسه‌یه‌دا، كاتێك هاوڵاتی‌ سه‌ردانی‌ فه‌مانبه‌ره‌كانی‌ نوێكردنه‌وه‌ی‌ تۆماری‌ ده‌نگده‌ران ده‌كات به‌پێی‌ ئه‌و بریارو رێنماییانه‌ كار ده‌كرێت كه‌ كۆمسیۆن دیاریكردووه‌، ئایا پرۆسه‌كانی‌ راستكردنه‌وه‌، زیادكردن، سرینه‌وه‌، گۆرانكاری‌ ناوی‌ ده‌نگده‌ران چۆن ده‌كرێت\"".

بریاره‌ له‌ 21 ئه‌یلولی‌ ئه‌مساڵدا هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان به‌رێوه‌ بچێت.

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ ئەندامی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌، عەبدولستار مەجید، رایگەیاند، ئەوان وەكو ئۆپۆزسۆن بڕیاریانداوە، لەپڕۆسەی‌ تۆماركردنی‌ دەنگدەران نوێنەریان لەسەرجەم بنكەكان هەبێت، وتیشی‌ \""گومانێكی‌ زۆرمان لەزیادبونی‌ رێژەی‌ دەنگدان هەیە لەهەرێمی‌ كوردستان بۆیە نوێنەرەكانمان ورددەبن لەچاودێریكردنی‌ پڕۆسەكە‌و لەگەڵ لایەنەكانی‌ تریش تەنسیقمان هەیە بۆ هاوكاریكردنی‌ چاودێریەكە\"".

لەسەرەتای‌ ئەم مانگەوە ٣٩ پەرلەمانتاری‌ یەكێتی‌‌و ئۆپۆزسیۆن، لەیاداشتێكدا رایانگەیاند، پیێشلكارییەكی‌ زۆر لەژمارەی‌ دەنگەران لەشاری‌ هەولێرو دهۆكدا كراوە‌و داوایانكرد بەزوترین كات لیژنەیەكی‌ لێكۆڵینەوە لەوباریەوە پێكبهێنرێت، به‌ڵام ئەم یاداشتە لەلایەن هەندێك لەبەرپرسانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانەوە بەچەواشاكاری‌ لەقەڵەم دراو پەرلەمانتارەكانیش بەكاڵفام وەسفكران.

لەوەڵامی‌ یاداشتەكەدا، حەسەن سوره‌، جێگری‌ سەرۆكی‌ پەرلەمان یاداشتەكەی‌ لەشێوەی‌ پرسیار ئاراستەی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵا كرد، بەڵام پەرلەمانتارێكی‌ یەكێتی‌ رۆژی‌ سێشەممەی‌ رابردو بەرۆژنامەی‌ ئاوێنەی‌ راگەیاند، كۆمسیۆن خۆی‌ بەشێكە لەكێشەكە‌و دەبێت لیژنەكە لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەویشدا بكات.

لێپرسراوی‌ ژوری‌ هەڵبژاردنی‌ گۆڕان، ئارام شێخ محه‌مەد، دەنگۆی‌ بونی‌ تەزویرات‌و زیادكردنی‌ رێژەی‌ دەنگدەران، بەدو لایەنە وەسفكرد‌و هەردوكیشی‌ بەجێگەی‌ \""ئیعتیبار \"" دانا. ئەو دەڵێت \""دیوێكی‌ ئەم هەواڵانە دەكرێت بۆ ئەوە بێت كە بێئومێدی‌ لای‌ خەڵك دروستبكەن‌و وێنەیەكی‌ واپیشان بدەن، كە ساختە‌و زیادكردنی‌ رێژەی‌ دەنگدەران لەئارادایە‌و پێویستناكات خەڵك بچێت دەنگ بدات، چونكە هیچ گۆڕانكاری‌ رونادات‌و سودێكی‌ نیە، دیوێكی‌ تری‌ ئەم هەواڵانەش هەقیقەتی‌ بونی‌ ساختەكاریە\"".

هەروەك وتیشی‌ \""پڕۆسەی‌ هەڵبژاردن تەنیا یەك رۆژ نیە، بەڵكو بەسێ قۆناغ بەڕێوەدەڕوات، تۆماركردنی‌ ناوی‌ دەنگدەران قۆناغی‌ یەكەمی‌ پرۆسەكەیە، ئێمەش خۆمان بۆ هەمو قۆناغەكان ئامادەكردوە. لەئێستادا نوێنەرمان بۆ هەمو بنكەكانی‌ تۆماركردن هەیە‌و هەر لەكاتی‌ پڕۆسەكەش، ئەگەر بزانین پێشێلكاری‌ دەكرێت، قسە‌و هەڵوێستی‌ خۆمان دەبێت\"".

بەرپرسی‌ ژوری‌ هەڵبژاردنی‌ گۆڕان، ئاماژە بەرۆڵی‌ راگەیاندنەكان دەكات لەچاودێری‌ پڕۆسەی‌ هەڵبژاردن لەسەرجەم قۆناغەكان‌و بە \""چاودێرێكی‌ گرنگ\"" وەسفیان دەكات.

كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌‌و گۆڕان ئاماژە بەوەدەكەن كە كۆمسیۆنی‌ باڵا تائێستا لیستی‌ ناوی‌ دەنگدەرانی‌ پێنەداون. ئارام شێخ محەمەد دەڵێت \""ئاگادارین دراوەتە چەند حزبێك، ئەمە هەقێكی‌ یاساییە‌و پێویستە بۆمان بنێرن، ئەگەرنا سكاڵا لەسەر كۆمسیۆن تۆماردەكەین\"".

لەلایەكی‌ ترەوە پەرلەمانتاری‌ یەكێتی‌، گۆران ئازاد، كە ئەندامی‌ لیژنەی‌ یاسایی‌ پەرلەمانە بەئاوێنەنیوزی‌ راگەیاند، پێویستە لەسەر كۆمسیۆن لیستی‌ ناوەكان بداتە سەرجەم قەوارەكان، وتیشی‌ \""پێویستە حزبەكان پێداگیری‌ لەسەر ئەوەبكەن، كە ئەوانەی‌ ناویان نەگەڕاوەتەوە، بەلیستێكی‌ جیاواز تۆماربكرێت‌و بكرێتە لیستێكی‌ جیاوازو ببێتە پاشكۆی‌ لیستە سەرەكیەكە‌و بەهەمو حزبەكان بدرێت، نابێت رێگە بەتێكەڵكردنی‌ ناوی‌ نەگەڕاوەكان لەگەڵ لیستە سەرەكیەكە بدەن\""."
Top