سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ڕابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی کرد
لە دیدارێكدا سەرەتا ڕابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدارەکە دەربڕی و دەستخۆشی لە سەرۆك بارزانی كرد کە توانیویەتی بەرەنگاری هەموو ئەو هەوڵانە ببێتەوە کە ئامانجیان زیانگەیاندن بووە بە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و بەهۆی پێداگریی بەڕێزیانەوە چەندین دەستکەوتی گرنگ بۆ کوردستان وەدی هاتوون و هەرێمی کوردستان پێگەیەکی یاسایی گرینگی لە دەستووری عێراقدا مسۆگەر کرد.
لەبارەی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە پاراستنی هەرێمدا، رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی گووتی: بەرگرییکردنی جەنابتان بوو کە بووە هۆی مانەوەی پێشمەرگە و کۆمەڵێک دەستکەوتی زۆر گرینگ بۆ گەلەکەمان مسۆگەر کران.
هەروەها ستاییشی هەوڵ و پێداگریی سەرۆک بارزانی کرد بۆ بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە و هەروەها پشتیوانیی بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ پاراستنی ئاسایش و تەبایی و پێشکەوتنەکانی هەرێم دەربڕی.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی ڕابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی و شاندی هاوڕێی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پاراستنی ئارامی و پێشکەوتنی کوردستان ئەرکی هەمووانە و نابێ بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بە توندڕۆیی بدرێت، چونکە توندڕۆیی بەهەر شێوازێک بێت دەبێتە هۆی تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی.
