رێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئوروپا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

رێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئوروپا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات
13 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- لە چوارچێوەی کار و چالاکییەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، دوێنێ چوارشەممە 12/5/2013، دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێکی نوێنەرایەتی، سەردانی ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپای لە برۆکسل کرد و لەوێ لە لایەن بەڕێز باڵوێز (کریستیان بێرگەر) بەرپرسی گشتی بیرۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای باکور و بەڕێز (جۆن ئۆروک) بەرپرسی دێسکی ئێران، عێراق و ووڵاتانی خەلیج، بەڕێز خاتوو (ڕۆزاماریا گیلی) جێگری دێسک و بەڕێز (ڤلادیمیر یاناسێک) هەڵسوڕێنەری دێسکی ناوبراو لە ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا.


لە سەرەتای دیدارەکەدا باڵوێز بێرگەر پیرۆزبایی لە بەڕێز ئاژگەیی کرد بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەک نوێنەری حکومەتی هەرێم لە یەکێتی ئەوروپا و لە لایەن خۆشیەوە ئاژگەیی سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی کرد کە لێیان کرا.


لە میانەی دیدارێکا کۆمەڵێک پرسی پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و عێراق و هەرێمی کوردستان باسیان لێوەکراو باڵوێز بێرگەر رایگەیاند کە حەفتەی داهاتوو خاتوو (کاترین ئاشتن)ی نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و چاویان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێزدار مسعود بارزانی دەکەوێت. لەو بارەیەشەوە شاندی نوێنەرایەتی چەند پرسێکی گرنگیان لەگەل شاندەکەی یەکێتی ئەوروپا تاوتوێکرد لەوانە پرسی ناساندنی جینۆسایدی کورد لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە و پرسی ووزە و پرسی ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان. لەو نێوەندەدا دلاوەر ئاژگەیی هیوای خواست کە یەکێتی ئەوروپا گرنگی زیاتر بە ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بدات کە لە کۆی 150 هەزار، سەد و چل هەزاریان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.

لە لای خۆشیەوە باڵوێز کریستیان بێرگەر ئەو پرسەی بەهەند وەرگرت و بەڵێنیدا کە ئەوان لە ئۆفیسی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کاری جیدی لە سەر بکەن. سەبارەت بە پرسی ووزەش شاندی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند کە هەفتەی داهاتوو یەکێتی ئەوروپا ڕێکەوتننامەیەکی نوێ لەگەڵ حکومەتی عێراق لە بواری ووزەدا واژوو دەکەن. سەبارەت بەو پرسە، دلاوەر ئاژگەیی هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو کە هەر ڕێکەوتننامەیەک لەگەڵ بەند و بنەماکانی دەستووری عێراقدا بگونجێ و بۆ خزمەتی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێ، ئەوان وەک هەرێمی کوردستان پێشوازی لێ دەکەن. لە بەشیکی تری دانیشتنەکە نوێنەری حکومەتی هەرێم داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد کە لە هەڵبژادنەکانی داهاتووی کوردستان بە ناردنی چاودێر و وەڤد بۆ کوردستان چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بکەن.

لە دوا تەوەری کۆبوونەوەکەدا چەند پرسیكی تایبەت بە پەیوەندییەکانی نێوان نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە برۆکسل و ئۆفیسی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا باسیان لێوەکرا. هەردوولا هاوڕا بوون لە سەر گرنگی بوونی دانیشتن و کۆبوونەوەی بەردەوام.
Top