پۆستەی كوردستان پێشدەخرێت

پۆستەی كوردستان پێشدەخرێت
12 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- جۆنسۆن سیاویش ئەیۆ وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی فراوانی کرد لە هۆڵی وەزارەت سەبارەت بە پێشخستنی بواری پۆستە لە هەرێمی کوردستاندا.

لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتی پۆستەی پارێزگاکانی (هەولێر - سلێمانی - دهۆک) و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان و بەرپرسانی پۆستە و ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەت ئامادەی بوون .

وەزیری گواستنەوە و گەیاندن دووپاتی کردەوە کە دەبێت هەموو بەڕێوەبەرایەتیەکان گرنگی بە بواری پۆستە بدەن و ئاڵوگۆڕی پۆست بکەنە رۆژانە و هەوڵ بدەن لە رێگای کۆمپانیاکانی گواستنەوە ئاڵوگۆڕی پۆست ئەنجام بدەن .

لە تەوەرێکی تردا وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بە ئامادەبووانی راگەیاند کە ئەمساڵ پڕۆژەی بەستنەوەی نووسینگەکانی پۆستە لە هەرێم جێبەجێ دەکەین کە دەبێتە هۆکاری کرانەوەی زیاتر لەو بوارەدا .

دواتر بەڕێزیان دەرفەتی دا بە ئامادەبووان تا دەستنیشانی گرفت و کێشەکان بکەن و را و پێشنیاریان بخەنە روو بە مەبەستی پێشخستنی بواری پۆستە .
Top