عەبدوڵڵا ئۆجەلان: دەبێ حكوومەتی توركیا بەرامبەر پرۆسەی ئاشتی جیددیتر بێت

 عەبدوڵڵا ئۆجەلان: دەبێ حكوومەتی توركیا بەرامبەر پرۆسەی ئاشتی جیددیتر بێت
10 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- دوای ئەوەی بۆ جاری شەشەم شاندێكی پارتی ئاشتی و دیموكراسی \"بەدەپە\"" بە سەرۆكایەتیی سەڵاحەددین دەمیرتاش ڕۆژی هەینی سەردانی ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە عەبدوڵڵا ئۆجەلان ـیان كرد، بە پەیامێكی نوێی ئۆجەلانەوە گەڕانەوە كە تێیدا ئۆجەلان داوا دەكات بەرپرسانی ئەنكەرا پێویستە لە بەرامبەر بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی جیددیتر بن.

لە پرێس كۆنفڕانسێكدا كە بۆ سەڵاحەددین دەمیرتاش و پەروین بولدان ڕێك خرا، بەشێك لە ناوەڕۆكی نامەكەی ئۆجەلانیان ئاشكرا كرد، لە بەشێكی نامەكەی ئۆجەلاندا هاتووە كە حكوومەتی توركیا ئەو ئەركەی لەسەر شانیەتی بەرامبەر پڕۆسەی ئاشتی بە تەواوی جێبەجێی بكات، ئۆجەلان دەڵێت \""من بە تەواوی درك بەو بەرپرسیارێتییە مێژووییە دەكەم كە لەسەر شانمە و هەوڵ بۆ دیموكراسی و ئازادییەكی زیاتر دەدەم، هیوادارم لایەنی بەرامبەریشم ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە هەمان هەوڵی من بدەن.\""

ئەم شاندە دوو كەسییەی كە سەردانی دوورگەی ئیمرالیان كردووە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان ـیان لە هەنگاوەكانی كشانەوەی پەكەكە ئاگادار كردووەتەوە.

لەبارەی سەردانەكەشیان بۆ ئیمرالی، دیمیرتاش هۆشداریی دەداتە حكوومەتی توركیا كە پێویست ناكات ئەوان ئەو كەسانە دیاری بكەن كە سەردانی ئۆجەلان دەكەن."
Top