بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە كۆبوونەوەیەكی فراوانی لەگەڵ دیپلۆماتكانی هەرێم ئەنجامدا
لە كۆبوونەوەكەدا كە باڵیۆزی فەڕەنسا لەعیراق ئامادەبوو، فەلاح مستەفا وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبووان باسی لەرەوشی هەنووكەیی هەرێمی كوردستان و عیراق و هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی پرسەكان كرد.
بەڕێزیان گووتی سەردانی بەڕێز نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی عیراقی فیدڕاڵ دوای ئەو سەردانەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم دێت بۆ بەغدا، وەك دەسپێشخەریەكی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی پرسەكان لە رێگای دیالۆگ و بە پێی بنەماكانی دەستوور.
هەروا گووتی سەردانەكە سێ تەوەری سەرەكی لەخۆ گرتبوو كە بریتی بوون لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ و كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هەردوولا و كۆبوونەوەی تایبەتی جەنابی سەرۆكی هەرێم و سەرۆك وەزیرانی عیراقی فیدڕاڵ.
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت گووتی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لەم سەردانە كرد و هیوای خواست ئەم هەنگاوە ببێتە مایەی پتەوكردنی زیاتری هەنگاوەكان بۆ چارەسەر كردنی پرسەكان. هەروا گووتی ئێمە ئەم سەردانەی بەڕێز مالكی و شاندی یاوەری بۆ هەرێمی كوردستان بە هەنگاوێكی گرینگ و پڕ بایەخ دەبینین لە پێناو نەهێشتنی ئاستەنگ و خاوكردنەوەی تەنگژە سیاسیەكان و لە كۆبوونەوەكان هەستمان بە جدییەت دەكرد بۆ چارەسەركردنی پرسەكان لەلایەن بەغداوە، هەر بۆیە بڕیاردرا ئەم كۆبوونەوانە بەردەوام بن و لیژنەكان دەستبەكاربن و چالاكتر بكرێن. هاوكات هەردوو لیژنەی باڵا لە هەرێم و بەغدا راستەوخۆ لەلایەن هەردوو سەرۆك وەزیرانی فیدڕاڵ و هەرێم سەرپەرشتی بكرێن.
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە ئەوەی دووپاتكردەوە، كەوا ئەم جۆرە سەردانانە دەروازەكانی گفتوگۆ فراوانتر دەكەن و پابەندبوون بەدەستوور و گەڕانەوە بۆ ماددە دەستوریەكان بە تەنها ڕێگا دەبینرێن بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسیەكانی عیراق بە گشتی و پرسەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەتی.
لە وەڵامی پرسیاری هەندێك لە دیپلۆماتكاران، فەلاح مستەفا گووتی، حكومەتی هەرێم و سەركردایەتی سیاسی بەردەوام بە سیاسەتێكی ژیرانە مامەڵە لەگەڵ پێشهات و دۆخەكان دەكات و ئاسایش و سەقامگیری هەرێم و پاراستنی گیانی هاوڵاتیان بە ئەولەویاتی كاری خۆی دەزانێت. هەروا گووتی سەرۆك وەزیرانی عیراقی فیدراڵ لە هەولێر پابەندبوونی خۆی بە دەستووری عیراق دەربڕی. هاوكات پشتگیری خۆی بۆ بڕیاری بە پارێزگا كردنی شاری هەڵەبجە نیشاندا و بابەتی چارەسەركردنی كێشەی سنوورە ئیدارییەكان و قەرەبووكردنەوەی كەس و كاری قوربانیانی ئەنفال و كیمیاباران و جێ بەجێكردنی ماددەی 140 و دەركردنی یاسای نەوت و غاز و ئەنجامدانی ئاماری گشتی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی دوێنێ بوون.
لە كۆتاییدا باڵیۆزی فەرنسا لە عیراق و راگری دەستەی دیپلۆماتكاران لە هەرێم سەید عەزیم حوسێنی بە ناوی سەرجەم نێردە دیپلۆماسی و كونسوڵگەرییەكانەوە سوپاسی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەیان كرد بۆ هەموو ئەو ڕوونكردنەوە و زانیاریانەی كە پێشكەشی كرد و هیوایان خواست، هەرێمی كوردستان بە بەردەوامی لە گەشەكردن و سەقامگیری بێت، كە ئەمەش لە بەرژەوەندی عیراقی فیدراڵ تەواو دەبێت.
