پەرلەمانتارێكى كورد: دەستكردن بەگفتوگۆ مەرجە

پەرلەمانتارێكى كورد: دەستكردن بەگفتوگۆ مەرجە
سڕى ساقق پەرلەمانتارى پارتى ئاشتى و دیموكراسى (بەدەپە)ى پارێزگەى موش لە توركیا ڕاى گەیاند، شێوازەكانى شەڕ سەبارەت بەكێشەى كورد لە توركیا ئیفلاسى كردووە، هەر بۆیە دەستكردن بەگفتوگۆ مەرجە، ئاژانسى \"ئەنادۆڵ\""ى توركى گواستییەوە.
ساقق ئاماژەى دا، دواى چاوپێكەوتنى پەرلەمانتارنى بەدەپە لەگەڵ چەكدارانى پارتى كڕێكارانى كوردستان (پەكەكە)، ژمارەیەك لە سیاسەتوانان داواى لابردنى پارێزبەندى ئەو پەرلەمانتارانە دەكەن. لە ساڵى 1994 دیسان هەرایان نایەوە و پارێزبەندى پەرلەمانتارانى پارتى ڕەنجى دیموكراسى (دەپ)یان لابرد و ئەمڕۆ لە 2012دا هەمان شت بۆ پەرلەمانتارانى بەدەپە داوا دەكەن.

زیاتر گوتى \""ئەگەر ئەزمون لە ڕابردوو وەربگیرایە ئەوا ئەمڕۆ هەمان داواكاری لەلایەن ژمارەیەك لە سیاسەتوانى پارتى داد و گەشەپێدانى دەسەڵاتدار (ئاكەپە) و پارتى بزووتنەوەى نەتەوەپەرستى توركیا (مەهەپە) و پارتى گەلى كۆمارى (جەهەپە) دووبارە نەدەكرایەوە.

ساقق دووپاتى كردەوە لە دەستەى بەڕێوەبەرایەتیی ئاكەپە ئەو كەسایەتییانەى بەباڵى توندڕەوى ئەو پارتە دەناسیرێن كاریگەرییان زیاتر بووە و گوتى \""ئەوانەى ماوەیەكى درێژە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك وەزیرانى توركیا ئاراستە دەكەن شكستیان خواردووە، لەبەر ئەوە پێویستە ئەو دەستەیە دوور بخرێتەوە و دەستبەجێ لەگەڵ ئەو كەسایەتییانەى لایەنگرى ئاشتین ڕێگە لەبەردەم قۆناغى گفتوگۆدا بكرێتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە بەتوندى ڕەخنەى لە لێدوانەكەى دەوڵەت باخچەلى سەرۆكى مەهەپە گرت كە لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا گوتى \""با ئاڵاى توركیا لە قەندیل بەرزبكەینەوە\"".

یەكشەمى ڕابردوو 9 پەرلەمانتارى بەدەپە لە ناوچەى شەمزینان لە پارێزگەى هەكارى لە توركیا كە سەدانى ناوچەكەیان دەكرد، لەلایەن گروپێك چەكدارى پەكەكە ڕێگەیان لێ گیرا و بەگەرمى سڵاویان لە یەكتر كردوو و چەكدارەكانیان لە ئامێز گرت.

میدیاكانى توركیا تۆمەتى ئەوەیان خستە پاڵ ئەو پەرلەمانتارانە كە گوایە ڕێگا بڕینەكە پلانێكى پێشوەخت بووە و مەبەست لە ئەنجامدانى چاوپێكەتن بووە لە نێوانیاندا.

ئایسەل توغڵوك كە یەكێك بوو لە ئەندامى شاندەكەى بەدەپە بەرگرى لە هەڵوێستى شاندەكە كرد و ئاماژەى دا، لە ئامێزگرتنى ئەو چەكدارانە تاوان نییە و دوابەدواى ئەوە ژمارەك سیاسەتوانى توركیا داواى لابردنى پارێزبەندى پەرلەمانتارانیان خستە ڕۆژەڤەوە.














ئاكانیوز"
Top