سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازی له باڵیۆزی كۆماری توركیا له عێراق كرد
له دیدارێكدا كه ئاسۆ كه‌ریم سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كان و رۆشنبیری ئاماده‌یبوو، دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكی سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌گه‌رمی به خێرهاتنی شانده‌كه‌ی كرد و پیرۆزبایی له باڵیۆزی نوێی توركیا له عێراق كرد به بۆنه‌ی ده‌ست به‌كاربوونی و هیوای خواست هه‌وڵی به‌رده‌وام بدرێ بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌ردوولا و په‌ره‌پێدانی زیاتری له هه‌موو ئاسته‌كان دا.
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه باڵیۆزی توركیا له عێراق سوپاسگوزاری خۆی بۆ ئه‌م پێشوازیه گه‌رمه ده‌ربڕی و ئه‌وه‌ی راگه‌یاند که له‌م ساڵانه‌ی دواییدا په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری توركیا پێشکه‌وتنی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بینیوه‌و به‌حیكمه‌تی سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌ردوولا چاوه‌روانی ئه‌وه‌ین ئاستی ئه‌م په‌یوه‌ندیانه له گه‌شه‌سه‌ندنێكی به‌رده‌وامدا بێ و وێرای په‌یوه‌ندیه سیاسی و بازرگانیه‌كان، له‌رووی رۆشنبیری و فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه په‌یوه‌ندیه‌كان بگه‌نه ئاستێکی به‌رزتره‌وه.
له به‌رامبه‌ردا دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌وه‌ی خسته روو که‌وا هه‌رێمی كوردستان له‌مێژووی نزیكی خۆی دا به‌ده‌ستی دیكتاتۆریه‌ته‌وه دووچاری جینۆساید و پاکتاوی ڕه‌گه‌زی بۆته‌وه‌و ئازار و مه‌ینه‌تی زۆری بینیوه، بۆیه هه‌میشه كار بۆ ئه‌وه ده‌كات ئه‌زموونی دیموكراسی و سه‌قامگیری و ره‌وتی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵات به‌ره‌و پێشه‌وه به‌رێت و ببێته مایه‌ی خێر و خۆشی بۆ دانیشتوانی هه‌رێم و گشت عێراق و وڵاتانی دراوسێ. هاوكات سه‌رۆکی په‌ڕله‌مان هیوای خواست كێشه‌كانی ناوه‌خۆی توركیاش به رێگه‌ی ئاشتی و دیموكراسی بێنه چاره‌سه‌ركردن و پشتیوانی هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ به‌رنامه‌ی چاره‌سه‌ری دیموكراتیانه‌ی رێزداران عبدالله گویل و ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان دووپات كرده‌وه.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌وه‌شی راگه‌یاند به‌چاره‌سه‌ركردنی پرسه هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا، ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیاش ده‌چنه قۆناغێكی باشتر‌و به‌رزتره‌وه، به تایبه‌ت دوای جێبه‌جێ كردنی مادده‌ی 140 و گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك و ناوچه كوردستانیه دابراوو كێشه له‌سه‌ره‌كان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ئیراده‌ی دانیشتوانی ڕه‌سه‌نی ئه‌و ناوچانه كه قازانجی ته‌واوی پێكهاته‌كانی كه‌ركوك و هه‌موولایه‌كی تێدا ده‌بێت.
