پارێزگاری نەینەوا پلانێكی بەغدا بۆ شەڕ دژی كوردستان ئاشكرا دەكات

پارێزگاری نەینەوا پلانێكی بەغدا بۆ شەڕ دژی كوردستان ئاشكرا دەكات
هەریەك لە ئەسیل نجێفی، پارێزگاری نەینەوا و مەلا كرێكار ئەمیری پێشووی ئەنسارولئیسلام لەم ژمارەیەی (رووداو)دا \"پیلانگێڕی\""یەكی حكومەتی ئێستای عێراق لەدژی هەرێمی كوردستان ئاشكرادەكەن. مەلا كرێكار دەڵێ كە نوری مالیكی خۆی پەیوەندی پێوەكردووە تاوەكو بۆ \""شەڕی پارتی و یەكێتی\"" بیگەڕێنێتەوە عێراق. پارێزگاری نەینەواش باسی هاندانی ئەنجوومەنی پارێزگاكەی دەكات لەلایەن هەندێ لایەنی عێراقی بۆئەوەی ململانێ لەگەڵ هەرێمی كوردستان بگەیێننە ئاستی \""شەڕی چەكدارانە\"".

پارێزگاری نەینەوا لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) لەوبارەوە گوتی كە بەباشی نازانێ بچێتە نێو وردەكاری ئەو بابەتە، بەڵام پشتڕاستیكردەوە كە لەسەردانی ئەم دواییەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكەیدا بۆ بەغدا \""هەندێ لایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگایان هاندابوو بۆئەوەی ململانێ لەگەڵ هەرێمی كوردستان بگەیێننە ئەوپەڕی\""، گوتیشی \""تەنانەت باسی ئەوە كرابوو كە ناوچەكە بخەنە نێو ململانێیەكی سەربازی و چەكدارانەوە لەگەڵ كوردستان \"". ئەسیل نجێفی لەدرێژەی ئەو قسانەدا گوتی \""ئەم شتانە زۆر بە راشكاوانە و بەڕوونی گوترابوون، هەر ئەوەش وای لە من كرد كە پەلەبكەم لە دیداری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بۆئەوەی پێیبڵێم كە چ هەوڵێك لەئارادایە\"".

نجێفی رۆژی 25/12/2011 بۆ دیداری سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی پارێزگای دهۆكی كرد.

لەلایەكی دیكەوە، مەلاكرێكار، ئەمیری پێشووی ئەنسارولئیسلام لە نەرویجەوە بە تەلەفۆن بە (رووداو)ی راگەیاند كە مەسەلەی گەڕانەوەی ئەو بۆ هەرێمی كوردستان كراوەتە مەسەلەیەكی سیاسی گەورەو هەرلایەك دەیەوێ بۆ شەڕی لایەنی بەرامبەری بیگەڕێنێتەوە و بەهێزی بكات.
مەلا كرێكار گوتی \""نوری مالیكی پەیوەندی پێوەكردووم و دەیەوێ بمگەڕێنێتەوە بۆ عێراق و بەهێزم بكات و شەڕی پارتی و یەكێتیم پێبكات\""."
Top