وەزیرى ناوەخۆى توركیا: بەدەپە تەواوكەری پەكەكەیە
شەوى رابردوو ئیدریس نەعیم شاهین وەزیرى ناوەخۆى توركیا لە لێدوانێكیدا گوتى \""ئێمە چالاكی دژ بەهیچ پارتێكى بێ تاوان ئەنجام نادەین و هەر پارتێك رووبەڕووى چالاكییەكانمان بێتەوە، چارەنووسى باش نابێ و دووچارى هەموو جۆرە پاڵەپەستۆیەك دەبن ئەگەر ئەو پارتە نوێنەرى لەناو پەرلەمانیشدا هەبێ\"".
هاوكات حەسیب قەپلان لە بەرامبەر لێدوانەكەى وەزیرى ناوەخۆدا گوتى \""پارتەكەمان بووەتە ئامانجى وەزارەتى ناوەخۆ، شاهین خۆى بەسەرۆكى دادگەى دەستووریی توركیا و دادوەر دەزانێ بۆیە هەڕەشەى داخستنى پارتەكەمان دەكات، بەڵام ئێمە نە درێژەپێدراو و نە تەواوكەرى پەكەكەین و پێویستە وەزیرى ناوەخۆ سنوورێك بۆ لێدوانەكانى دابنێ\"".
قەپڵان گوتى \""لەلایەكەوە وەزیرى ناوەخۆ دەڵێ كردەوەگەلەكانمان بەردەوام دەبێ، لەلایەكى تریش جێگرى سەرۆك وەزیران دەڵىَ كرانەوەى دیموكراسى فرەوانتر دەكەین و گۆڕانكاریی پۆزەتیڤى تێدا ئەنجام دەدەین. من دەپرسم كۆمەڵگە بەكامەیان باوەڕ بكات؟\"".
لێدوانەكەى وەزیرى ناوەخۆى توركیا شەوى رابردوو لەمیانى كۆنگرەیەكى رۆژنامەوانى دواى كۆبوونەوەى لەگەڵ دەزگەى دژە تیرۆرى توركیا هات و جەختى كردەوە كردەوەگەلەكان ئەنجامى باشى لێ كەوتووەتەوە بۆیە بەردەوام دەبێ و رێگە بەهیچ پارتێكى سیاسیی نادەین رێگرى لە چالاكییەكانمان بكەن.
لە بەشێكى لێدوانەكەشیدا ئاماژەى بەپارتى ئاشتى و دیموكراسى \""بەدەپە\"" كرد بەوەى تەواوكەرى پارتى كرێكارانى كوردستان \""پەكەكە\""یە.
"
