"هێشتا حكومەت دوو ئیدارەیە"

دوێنێ ئێوارێ وەزیری دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد كە ئەو بودجەی لە بەغداوە بۆ هەرێم دێت دەكرێتە دوو بەش و 57%ـی بۆ ئیدارەی هەولێر و دهۆك دەچێت و 43%ـی بۆ ئیدارەی سلێمانی و گەرمیان دەڕوات.

وەزیری دارایی (باییز تاڵەبانی) ڕووی كردە پەرلەمانتاران و پێی گوتن: \"ئێوە هەمووتان ئەو ڕاستییە دەزانن و پێویست ناكات ئێمەیش بیشارینەوە.\""

ئەمە لە كاتێكدایە كە پەرلەمانتار دكتۆر (سەروەر عەبدوڵڕەحمان) دابەشكردنی بودجە بە پێی ژمارەی دانیشتووان بەسەر ئیدارەكاندا بە كارێكی هەڵە دەزانێت و پێی وایە كە بودجە دەبێت بە پێی پێداویستییەكان دابەش بكرێت. ئەو دەڵێت: \""چۆن دەكرێت پارەی شەهیدان و ئەنفالكراوەكان دابەش بكرێت؟ شوێن هەیە كە ڕژێمی پێشوو بە ئێجگاری خاپووری كردووە و ژمارەی شەهیدانی زیاترە، بەڵام شوێنێكی دیكە خەڵكێكی كەمتری لێ شەهید بووە، جا چۆن دەكرێت بە پێی ئەو پشكانە خانوویان بۆ دروست بكرێت؟\""

سەبارەت بە یەكخستنی دوو ئیدارەكان، وەزیری دارایی بێتوانایی خۆی دەربڕی و گوتی: \""دەبێت لەسەرووی منەوە بڕیاری لەسەر بدرێت.\"" (باییز تاڵەبانی) ئاماژەی بە سێ نووسراو دا كە لە ڕێگەیانەوە داوایان كردووە كە دوو ئیدارەكان یەك بخەنەوە، بەڵام هەتا ئێستا ئەو كارە نەكراوە.

جگە لە وەزارەتی دارایی، وەزارەتی نێوخۆ و ئاسایش و دەستگەی مین و دەستگەی چاودێریی داراییش هێشتا بە شێوەی دوو ئیدارەیی كار دەكەن. ئەمە لە كاتێكدایە كە پەرلەمان لە كاتی پەسندكردنی بودجەی 2011ـدا بڕیاری دا كە ئەگەر ئەو دامودەستگایانە لەمساڵدا یەكیان نەگرتەوە، وەك سزا بودجەی مانگی كۆتایی ئەوساڵیان لێ ببڕدرێت.

هەڵبەت هەتا ئێستا ئەو بڕیارە جێبەجێ نەكراوە و وەزیری داراییش هۆكاری جێبەجێنەكردنی بڕیارەكەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە پێیان گوتووە ئەگەر كێشەیەك لە ئاساییشی هەرێمدا دروست ببێت، وەزارەتی دارایی بە بەرپرسیار دەزاندرێت چونكە ئەو سزای بەسەر ئاساییشدا سەپاندووە و بودجەكەی لێ بڕیوە.

هەندێ پەرلەمانتار كە بەو وەڵامە ڕازی نەبوون گلەیی ئەوەیان دەكرد كە ئەگەر بڕیار و یاساكانی پەرلەمان جێبەجێ ناكرێن، بۆچی بڕیار و یاسا دەردەكەن.

موچەی 25 هەزار دامەزراوەكەی ئەمساڵ
هەرچەندە ساڵ لە كۆتایی نزیك بووەتەوە، بەڵام هێشتا دامەزراندنی هەموو ئەو 25 هەزار كەسەكەی كە لەسەر بودجەی 2011 بڕیار لێ درابوو، تەواو نەبووە. ئەو كارمەندانە پارەی یەك ساڵیان لە بودجەی ئەوساڵدا بۆ تەرخان كرابوو، بەڵام بە گوتەی پەرلەمانتار (دڵشاد شەهاب) زۆربەیان 2 تا 3 مانگ دەوامیان كردووە و هەندێكیشیان هێشتا ناویان نەهاتووەتەوە. ئەو پەرلەمانتارە لە وەزیری دارایی دەپرسێت ئەو پارەیەی نەدراوە چەندە و چی بەسەر هاتووە؟

وەزیری دارایی لە وەڵامدا دەڵێت: \""ئەو پارەیە لە شتێكی دیكەدا خەرج كراوە و ئێستا دەرناكەوێت، بەڵام لە حیساباتی خیتامی دەردەكەوێت كە ئەو پارەیە لە چیی خەرج كراوە. كاتێك (دڵشاد شەهاب) بەو وەڵامە ڕازی نابێت و داوای لێ دەكات كە بە وردی وەڵامەكەی بداتەوە، وەزیری دارایی دەڵێت: \""ئەو پارەیەی لە دامەزراندنی كارمەندانی 2011 ماوەتەوە، ناكاتە چارەگێكی ئەو پارەیەی بۆ مامۆستایان و پۆلیسان زیاد كردووە.\"" بە گوتەی وەزیری دارایی ئەو زیادەیەی لە بەغداوە بۆ مامۆستا و هێزەكانی ناوخۆ نێردراوە، بەشی هەمووانی نەكردووە و بەشێكیان لە بودجەی هەرێم داوە.

پەرلەمانتاران 186 پرسیاریان ئاراستەی وەزیری دارایی كردووە كە دوێنێ هەمووی وەڵام نەدرایەوە و سەرۆكی پەرلەمان درێژەی وەڵامەكانی وەزیری بۆ دووشەمەی داهاتوو دواخست."
Top