وه‌كو رێزلێنانێك له‌ رۆلی نوێنه‌رایه‌تیه‌ بیانیه‌كان له‌ هه‌رێم، فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ ئێواره‌ خوانێكی سازكرد

وه‌كو رێزلێنانێك له‌ رۆلی نوێنه‌رایه‌تیه‌ بیانیه‌كان له‌ هه‌رێم، فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ ئێواره‌ خوانێكی سازكرد
به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی ساڵی نوێ‌ و رێزگرتن له‌ ئه‌رك و كاره‌كانی دیپلۆماتكارانی بیانی و نوێنه‌ری ئاژانسه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان كار ده‌كه‌ن، ئێواه‌ی دوێنێ‌ فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێم و پارێزگاری هه‌ولێر و نوێنه‌رانی وڵاتانی بیانی و به‌رپرسانی UN و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و ناوه‌ندو سه‌نته‌ره‌ رۆشنبیری و كه‌لتوریه‌ بیانیه‌كان له‌ هه‌رێم ئێواره‌ ئاهه‌نگێكی پێشوازی سازكرد.
له‌ ووته‌یه‌كدا فه‌لاح مسته‌فا به‌ناوی حكومه‌تی هه‌رێم و فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ سوپاسی ئاماده‌بووانی كردو گووتی: خۆشحاڵم كه‌ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ئاماده‌ین بۆ پێشوازی له‌ جه‌ژنی له‌دایك بوون و ساڵی نوێ‌، به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ ده‌ستخۆشی له‌ دۆسته‌كانمان له‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ین له‌به‌رامبه‌ر كاری جدیان بۆ پێشكه‌وتن و گۆرانكاری به‌رده‌وام له‌ هه‌رێمی كوردستان .

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند ئاماده‌بوونی ئێمه‌ له‌م رۆژه‌دا نیشانه‌ی بڕوای هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌ دۆستایه‌تی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به‌ مه‌به‌ستی دروستكردنی داهاتوویه‌كی گه‌شتربۆ گه‌له‌كه‌مان. له‌م ده‌رفه‌ته‌دا به‌ناوی خۆم و هاوكارانم له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووباره‌ سوپاستان ده‌كه‌م و ئه‌م یاده‌ و سه‌ری ساڵی نوێ له‌ هه‌موولایه‌ك پیرۆزبێت.

له‌ به‌رامبه‌ردا میوانانی بیانی خۆشحاڵی خۆیان بۆ هه‌ڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ربڕی و سوپاسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌یان كرد بۆ سازكردنی ئه‌و ئاهه‌نگه‌و ستایشی هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمیان كرد بۆ دروستكردنی كه‌شی له‌بار بۆ كاركردنیان له‌ هه‌رێم بۆ زیاتر په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیه‌كان.

ئه‌مه‌و چه‌ند چالاكیه‌كی هونه‌ری و گۆرانی كوردی و بیانی له‌م ئاهه‌نگه‌ پێشوازیه‌دا پێشكه‌ش كران كه‌ بووه‌ مایه‌ی خۆشحاڵی ئاماده‌بووان.
Top