راگه‌یه‌ندراوی هاوبه‌شی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان

راگه‌یه‌ندراوی هاوبه‌شی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان
له‌ درێژه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌مڕۆ لیژنه‌ی باڵای هاوبه‌ش كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجامداو ئه‌م ته‌وه‌رو بابه‌تانه‌ی خواره‌وه‌ گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا:

ته‌وه‌ری رووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌و به‌ تایبه‌تی بارودۆخی سوریاو هه‌ڵوێستی وڵاتانی دراوسێی سوریاو وڵاتانی خۆرئاوا، هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستی حكومه‌تی فیدراڵی عیراق به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئێستای سوریاو ئۆپۆزسیۆن و ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی، كۆبوونه‌وه‌ به‌ گرنگی ده‌زانێ ئه‌م رووداوانه‌ به‌ دواداچوونی جدی و به‌رده‌وامی بۆ بكرێت.

ته‌وه‌ری رووداوه‌كانی به‌غداو كێشه‌و كێشمه‌ كێشمه‌كانی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌، گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا كه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی په‌نگ خواردنه‌وه‌ی گرفته‌كان و كه‌ڵه‌كه‌بوونی دۆسیه‌ی كێشه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌كانه‌.

كۆبوونه‌وه‌ به‌باشی ده‌زانێ هه‌روه‌كو سیاسه‌تی پێشوومان نه‌بینه‌ به‌شێك له‌ كێشه‌كان به‌ڵكو رۆڵی چاره‌سه‌ركردن بگێڕین، له‌گه‌ڵ هه‌وڵی جدی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی عیراقدا.
Top