(خەریكە خوێندنی كوردی لە دووبز وەكو قاڵبە بەفر دەتوێتەوەو نامێنێت)

(خەریكە خوێندنی كوردی لە دووبز وەكو قاڵبە بەفر دەتوێتەوەو نامێنێت)
(هادی غەزایی) قایمقامی قەزای دووبز بۆ(گوڵان): بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كەركووك پاش ئەوەی چەندین هەوڵمان لەگەڵ داون، ددان بە خوێندنی كوردی لەسنوورەكە ناهێنن.

لەدیمانەیەكی تایبەتیدا بۆ ژمارە 859ی گۆڤاری گوڵان كە ئەمرۆ دووشەممە بڵاو كراوەتەوە(هادی غەزایی) قایمقامی قەزای دووبز سەبارەت بە خوێندنی كوردی لەو ناوچەیە دەڵێ: لەدوای ساڵی 2003ەوە لەسەنتەری قەزاو گوندەكانی سنوورەكە چەندین قوتابخانەی خوێندنی كوردیمان كردەوە لەو لایەنەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاری كردین بەتایبەتی لە دابینكردنی مامۆستادا بەڕێگای تەنسیب، بەڵام بەداخەوە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كەركووك پاش ئەوەی چەندین هەوڵمان لەگەڵ داون، ددان بە خوێندنی كوردی لەسنوورەكە ناهێنن لەلایەكی ترەوە ئەو كەسانەی ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی كوردی دانراون زیاتر سەرقاڵی كاری حزبین و لەئاست خواست و داواكارییەكانی ئێمەدا نین، هەروەها ڕێگایان نەدا بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی خوێندنی كوردی لەسنووری قەزای دووبز كە سنوورێكی فراوانە بكرێتەوە ئەوەش ناڕەزایەتی لێكەوتۆتەوە . هەروەها داوامان لە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش كرد كە بەڕێوەبەرایەتیەكی پەروەردە لەسنوورەكەمان بكەنەوە، بەڵام ئەوانیش وەڵامیان نەبوو. ئێمە لەسنوورەكەدا لەلایەنی پەروەردەوە كەموكوڕی زۆرمان هەیە لە چەندین لایەنی پەروەردەوە خراپین و ئەو لایەنانەش ئەوانەن وەكو كەمی بینایەو بێ میلاكی و نەبوونی پرۆگرام و نەبوونی مامۆستای پسپۆر، هەروەها لەچەندین گوندی سنوورەكەمان تا ئێستا قوتابخانە هەیە لەژێر ڕەشماڵ دایە و دوو دەوام و سێ دەوامیشمان هەیە، لەهەندێك گوندیش لەبەر نەبوونی مامۆستا قوتابخانە داخراون و قوتابخانەی چەند گوندێكیش كراون بەیەك. لەلایەكی ترەوە زۆر لەو مامۆستایانەی كە تەنسیب دەكرێن لە قوتابخانەكانی سنوورەكەمان دواتر بە واسیتە دەگوازرێنەوە.

وتیشی: گەر كار بەو شێوەیە لەكەرتی پەروەردە بڕوات ئەوا دڵنیاتان دەكەمەوە لە هاوینی ئەمساڵ پەروەردەی خوێندنی كوردی لە دووبز وەكو قاڵبە سەهۆڵ دەتوێتەوەو نامێنێت.



- ئەم دیمانەیەی (هادی غەزایی) لەمیانەی راپۆرتێكی مەیدانی ئەمرۆ دووشەممە لە گۆڤاری گوڵان لەسەر كێشە و گیر و گرفتەكانی ناوچەی دووبز بەناونیشانی (دوبز لەسەر دەریایەك نەوت و ئاوەو بێ خزمەتگوزارییە، كورد لەبەر كەمی خزمەتگوزاری لەناوچەكە كۆچ دەكەن) بڵاو بۆتەوە.
Top